فەرمانی دەستگیرکردن بۆ سێ کەسایەتی سوونە دەرچوو

لڤین:
دادگای لێکۆڵینەوەی کەرخ فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ سێ رێکخەر و بەشداربوی کۆنگرەی (السلام والاسترداد) دەرکرد.
ئەنجومەنی باڵای دادوەری عێراق لەراگەیەنراوێکدا بڵاوکردەوە “دادگای لێکۆڵینەوەی ناوچەی کەرخ لەسەر بنەمای ئەو زانیاریانەی راوێژکاری ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتیمانی پێشکەشی کردوون، بڕیاری دەستگیرکردنی بۆ سێ بەشداربووی کۆنگرەکەی هەولێر دەرکرد”.
بە گوێرەی راگەیەندراوەکە هەریەک لە وەسام حەردان، مثال ئالوسی و سەحەر کەریم تائی تۆمەتبارکراون بەداواکردنی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی عێراق و ئیسرائیل.
ئەنجومەنەکە باسی لەوەشکردووە “دوای بەدەستگەیشتنی زانیاری لەبارەی ئەوانەی بەشداری کۆنگرەکە بوون، رێکاری یاسایی بەرامبەر کەسانی دیکەش دەگیرێتەبەر”.
ئەو کۆنگرەیە کە رۆژی هەینی لە شاری هەولێر ئەنجامدرا و حکومەتی هەرێم رایگەیاند ئەوان ئاگاداری نەبوون، 310 کەس تیایدا بەشداربوون و داوای ئاساییکردنەوەی پەیەوەندیەکانی عێراق و ئیسرائیلی کرد.