سزای ساڵێکی دیکە زیندانی بۆ ئومێد بەرۆشکی دەرکرا

لڤین:
سزای ساڵیکی دیکە زیندانیی بەسەر ئومێد بەرۆشکیدا سەپێندرا، ئێستا دۆسیەیکی دیکەشی ماوە بۆ دادگایی کردن لە دهۆک.
ئەمڕۆ جارێکی دیکە پرۆسەی دادگاییکردنی ڕۆژنامەنووس و چالاکوان ئومێد بەرۆشکی لە دادگای دهۆک لەسەر سێ کەیش بەڕێوەچوو، دوو کەیسیان یەکلایی کرانەوە و کەیسێکیان بۆ دانیشتنی داهاتوو هەڵگیرا.
ڕێڤینگ یاسین، پارێزەری ئومێد بەرۆشکی بە ئاژانسی رۆژ نیوزی راگەیاند: ئومێد ئەمڕۆ بۆ هەریەک لە کەیسەکانی ناوزڕاندنی پارێزگاری دهۆک و خراپ قسەکردن لەسەر پۆلیسی دهۆک سزای شەش مانگ زیندانیی درا، واتە بە هەردووکیان ساڵێک زیندانیی.
ئەو پارێزەرە ئاماژە بەوە کرد ئەو بڕیارە نادادپەرەوەرانەبوو، تانەی لێدەدەن، ئەوەشی روونکردەوە پرۆسەی دادگاییکردنەکە بۆ دۆسیەیەکی دیکە دواخرا کە گوایە ئەو چالاکوانە باسی لەوەکردووە مەلا ئیحسان، پەرلەمانتاری پارتی لەکاتی کەرەنتینەکەدا، سەفەری دەرەوەی وڵاتی کردووە و گەڕاوەتەوە بەبێ ئەوەی کەرەنتینە بکرێت.
پێشتریش بۆ دوو کەیس سزای ساڵێک زیندانیی و بۆ کەیسێکی دیکەش سزای پێبژاردنی ٢٥٠ هەزار دیناری بەسەردا سەپێندرا بوو.
کەیسێکی دیکەشی لە دادگای هەولێرە و بە تۆمەتی هاندانی خەڵک بۆ خۆپیشاندان، لەگەڵ مامۆستا بەدەل بەرواریکە هێشتا یەکلایی نەکراوەتەوە.