سیستەمی هەڵبژاردنەکان بۆ هەندێک خۆشبەختی و بۆ هەندێکی دیکەش کارەساتە

لڤین: هاوژین غەریب

پێشبینی کەمکردنی دەنگی کورد لە ناوچە دابڕێندراوەکان دەکرێت و ئەگەر لایەنە دەسەڵاتدارەکان باڵانسی نێوان کاندیدەکانیان رانەگرن لە ناوشارەکانی هەرێمدا ئەگەر هەیە زیان بکەن و کاندیدی لایەنەکانی دیکە سەر بکەون.

284 کاندید لە سەرتاسەری عێراق دوورخراونەتەوە و بەشداریکردنیان لەلایەن کۆمسیۆنەوە پەسەند نەکراوە. کۆی ژمارەی کاندیدەکان لە سەرتاسەری عێراقدا 3244کاندیدە کە بەغداد لە ریزبەندی یەکەمدایە و 902 کاندید رکابەری دەکەن و دهۆک کەمترین کاندیدی هەیە کە 30 کاندیدە.

کۆی ژمارەی دەنگدەر لە سەرتاسەری عێراقدا پێکهاتووە هە 25 ملیۆن و 139 هەزار و 375 کەس کە لە نێویاندا 988 هەزار و 435 کەس یەکەم جاریانە مافی دەنگدانیان هەبێت.

جوگرافیای دەنگەکانی کورد لە هەڵبژاردنەکانی رۆژی 10ی تشرینی یەکەمی 2021دا بەشێوەیەکە کە هەرچی بوترێت هەر پێشبینیە و شیکردنەوەیە ئەگەرنا لە رۆژی 11 مانگ وێنەکە بەشێوەیەکی تەواو روون دەبێتەوە.

ئێمە لێرەدا تەنها دواین ئامارەکان و کێشەکانی بەردەم لیستەکان ئاماژە پێدەدەن، هەڵبژاردنەکانی رابردوو لە هەرێمی کوردستان و عێراقدا هەمیشە نیشانەی پرسیاری لەسەر بووە و لایەنە دەسەڵاتدارەکان تۆمەتبارکراون بە ئەنجامدانی ساختەکاری، بێگومان ئەمجارەش بێبەش نابێت لە ساختەکاری.

پێشتر کورد لە عێراقدا بە هەموو لیستەکانی 58 کورسیان هەبووە لە سەرتاسەری عێراقدا، جگە لە کورسیەکەی ئاڵا تاڵەبانی کە دوای هاتەوە ناو یەکێتی، ئەویش  بەم شێوەیە دابەش بوو بوو.

پارتی دیموکراتی کوردستان 25 کورسی

یەکێتی نیشتیمانی کوردستان 18 کورسی

بزوتنەوەی گۆڕان 5 کورسی

نەوەی نوێ 4 کورسی

کۆمەڵی ئیسلامی 2 کورسی

یەکگرتووی ئیسلامی 2 کورسی

هاوپەیمانی نیشتیمانی 2 کورسی

بۆ ئەم هەڵبژاردنە ئەگەری زۆر هەیە دەنگی بەشێک لە لایەنە سیاسیەکان روو لە دابەزین بکات، بەتایبەت کە لە ناوچە دابڕێندراوەکاندا کە لیست و کاندیدی لایەنە عێراقیەکان هەیە، ئەوەش هۆکار دەبێت بۆ ئەوەی کاندیدەکانی کورد لەو ناوچانە دەنگیان بفەوتێت لە کۆتایدا بە زیانی قەبارەی کورد بشکێتەوە.

پارتی دیموکراتی کوردستان

پارتی دیموکراتی کوردستان وەک لیستێک بەشداری کردووە و تەنها لێک تێگەیشتنێکی لەگەڵ هاوپەیمانێتیەکەی موقتەدا سەدر هەیە بۆ دوای هەڵبژاردن.

لیستەکە لە سەرتاسەری عێراقدا 49 کاندیدی هەیە کە لە 8 شاردا بەشداری کردووە، بەم شێوەیە بەسەر شارەکاندا دابەش بووە:

هەولێر: 12

سلێمانی: 5

دهۆک: 11

موسڵ:14

کەرکوک: 2

دیالە: 2

بەغداد:2

سەڵاحەدین: 1

هاوپەیمانی کوردستان:

هاوپەیمانی نێوان بزوتنەوەی گۆڕان و یەکێتی نیشتیمانیە و قوباد تاڵەبانی سەرۆکایەتی دەکات، هاوپەیمانێتیەکە لە سەرەتادا لاهور شێخ جەنگی سەرۆکی بوو، دواتر سەرۆکەکەی گۆڕا، لێکتێگەیشتنی لەگەڵ لایەنە ئیسلامیەکان هەیە تایبەت بەم هەڵبژاردنە لە هەرێمی کوردستان و ناوچە دابڕێندراوەکان، هەردوو حزبی ناو ئەم هاوپەیمانێتییە خاوەنی کێشەی خۆیانن کە ئەوەش مەترسی بۆ سەر قەبارەی دەنگەکانیان دروست کردووە.

ئەم هاوپەیمانێتییە لە سەرتاسەری عێراقدا44 کاندیدی هەیە و لە هەشت شاردا بەشداری کردووە، لە کەرکوکدا یەکێک لە کاندیدەکانی یەکێتی کە ئاڵا تاڵەبانی بوو بەبێ گەڕانەوە بۆ کۆمسیۆن گۆڕانی بەسەردا هاتووە کراوە بە دیلان غەفور کە پێشتر وەک کاندیدی سەربەخۆ خۆی کاندید کردبوو، بەڵام بە هۆی کێشە ناوخۆییەکانی یەکێتی ئاڵوگۆڕێکی پێکرا، کاندیدەکان بەم شێوەیە دابەش بووە:

هەولێر: 7

سلێمانی: 15

دهۆک: 2

کەرکوک: 6 + ئاڵا تاڵەبانی

سەڵاحەدین:2

موسڵ:8

دیالە: 1

بەغداد:2

نەوەی نوێ:

جوڵانەوەی نەوەی نوێ سەرۆکایەتی لەلایەن شاسوار عەبدولواحید دەکرێت، هاوپەیمانێتی و لێکتێگەیشتنی ئاشکرا و فەرمی لەگەڵ هیچ لایەنێکدا نییە، ئەگەرچی دەنگۆی ئەوە هەیە لە هەولێر بۆ سەرخستنی کاندیدێکی لێکتێگەیشتنی لەگەڵ پارتی هەیە.

ئەم حزبە ژمارەی کاندیدەکانی21 کەسن و دابەشبوون بەسەر پێنج شاردا کە بەم شیوەیە:

هەولێر:4

سلێمانی: 5

دهۆک: 3

کەرکوک: 3

بەغداد:6

کۆمەڵی دادگەری:

کۆمەڵی دادگەری حزبێکی باگراوند ئیسلامییە، و لێکتێگەیشتنی لەگەڵ ژمارەیەک کاندیدی سەربەخۆ  لە سلێمانی و هاوپەیمانی کوردستان لە سەر ئاستی هەرێمی کوردستان و ناوچە دابڕێندراوەکان هەیە.

ئەم حزبە لە سەرتاسەری عێراقدا تەنها 5 کاندیدی هەیە و کە لە دوو شاردا کاندیدی هەیە کە بەم شێوەیە دابەش بوون:

هەولێر:2

سلێمانی: 3

یەکگرتووی ئیسلامی

یەکگرتووی ئیسلامی حزبێکی ئیسلامییە، لێکتێگەیشتنی بۆ هەڵبژاردنەکان لەگەڵ هاوپەیمانی کوردستان هەیە، بەڵام کاندیدەکانی بە سەربەخۆ بەشداریان کردووە و لیستی نییە.

ئەم کاندیدانە ژمارەیان 6 کاندیدە و بەسەر سێ شاردا دابەشبوون کە بەم شیوەیە:

هەولێر:2

سلێمانی: 2

دهۆک: 2

لە سەرجەم شارەکانی عێراقدا کاندیدی سەربەخۆ هەیە، بەڵام لە سنوری سلێمانیدا سێ کاندیدی سەربەخۆهەیە کە پێشتر پەرلەمانتار بوون و لە ئێستاشدا خۆیان کاندید کردووەتەوە و لێک تێگەیشتنیان هەیە لە نێو خۆیاندا، ئەگەر هەیە ئەم کاندیدانە هاوکێشەی دابەشکردنی دەنگەکان بگۆڕن هەرچەندە کاندیدی دیکەش کە وەک سەربەخۆ خۆیان کاندید کردووە بونیان زۆرە بەڵام ئەوەی کە زۆر ناویان دێت سێ پەرلەمانتارن.

 

کورسییەکان:

لە هەر سێ شارەکەی هەرێمی کوردستان بە سەرجەم لایەنە سیاسیەکان 44 کورسییە، بەڵام ئەوەی رکابەریەکە لە نێوان کورد و لایەنە عێراقیەکان توند دەکاتەوە کورسیەکانی موسڵ وکەرکوکە جگە لەوەی کورد هیوای بەوە هەیە کە لە ناوچەکانی بەغداد ودیالە و سەڵاحەدین بەشێکی بچوک وەربگرێت، بەڵام ئەمە زۆر قورسە بۆیە چاوەکانی یەکێتی و پارتی زۆرتر لەسەر کەرکوک و موسڵە کە بتوانن باڵانسەکەیان راست بکەنەوە.

 

دەنگەکانی هەولێر:

ژمارەی کورسیەکان لە هەولێر 15 کورسیە کە، لە هەڵبژاردنی پێشووی عێراق پارتی لەو شارە 8 کورسی هێنا، لە بەرامبەردا یەکێتی 2 کورسی و گۆڕان یەک کورسی و نەوەی نوێ 2 کورسی و هاوپەیمانی نیشتمانی یەک کورسی و کۆمەڵ یەک کورسی بوو.

لە بازنەی یەک لە ساڵی 2018دا لە دواین هەڵبژاردندا کە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بوو پارتی 70.3٪ی دەنگەکانی بەردەوە و هاوپەیمانی (دەنگی گۆڕان و یەکێتی پێکەوە) 18.7٪ هێنابوو کەمەڵ و یەکگرتوو بە هەردووکیان 13.4٪ی دەنگیان هێنابوو، بەڵام ئەمجارە کاندیدیان لەو بازنەیەدا نییە نەوەی نوێش 5.8٪ی دەنگەکانی هێنابوو.

لە بازنەی دوو پارتی 48.9٪ی دەنگەکانی هێنابوو لە بەرامبەردا هاوپەیمانی 32.8٪ی دەنگەکانی هێناوە و کۆمەڵ و یەکگرتوو 8.1٪ی دەنگیان هێنابوو ئەمجارە کاندیدیان نییە و نەوەی نوێ 10.2٪ی دەنگەکانی هێنابوو.

لە بازنەی سێ پارتی 56.6٪ی دەنگەکانی هێنابوو لەبەرامبەردا هاوپەیمانی ٪21.6ی هێنابوو کۆمەڵ 8.4٪ و یەکگرتوو 2.7٪ و نەوەی نوێ 10.7٪ی دەنگەکانیان هێنابوو.

لە بازنەی چوار کە رکابەریەکی زۆری تێدایە و زۆرترین کاندیدی هەولێر لەو بازنەیەدایە پێشتر پارتی 51.2٪ی دەنگەکانی هێنابوو هاوپەیمانی ٪22.4ی دەگەکان و نەوەی نوێ 12٪ی هێنابوو یەکگرتوو 3.6ی دەنگەکانی هێنابوو ئەمجارە هاوپەیمانی سێ کاندیدی هەیە و کۆمەڵ و یەگرتوو نەوەی نوێش کاندیدیان هەیە.

 

دەنگەکانی سلێمانی:

ژمارەی کورسیەکان لە سلێمانی 18 کورسیە، لە هەڵبژاردنی ساڵی 2018دا کە دواین هەڵبژاردن بوو کە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بوو گۆڕان و یەکێتی کە ئێستا هاوپەیمانن دەنگی زۆرینەیان بردەوە کە 12 کورسی بوو، نەوەی نوێ دوو کرسی بردەوە و پارتی یەک کورسی و هەریەکە لە کۆمەڵ و هاوپەیمانی و یەکگرتوو هەریەکیان یەک کورسیان بردەوە.

پێشتر لە بازنەی یەکدا هاوپەیمانی(دەنگی گۆڕان و یەکێتی پێکەوە) 64.5٪ دەنگەکانی بردەوە  و پارتی 11.2٪ و نەوەی نوێ 9.5٪ یەکگرتوو 6٪ بەڵام کۆمەڵی ئیسلامی کە 8.8٪ی دەنگەکانی هێنابوو ئەمجارە هیچ کاندیدێکی لەو بازنەیەدا نییە.

لە بازنەی دوودا پێشتر هاوپەیمانی 66.1٪ دەنگەکانی هێنابوو، نەوەی نوێ 10.8٪ و پارتی 9.5٪ و کۆمەڵ 9.3٪ یەکگرتووی ئیسلامی 4.3٪ی دەنگەکانی هێنابوو هیچ کاندیدێکی نییە، هاوکات سەرکەوت شەمسەدین لەم بازنەیەدایە کە پێشتر کاندیدی نەوەی نوێ بوو.

بازنەی سێی سلێمانی هاوپەیمانی پێشتر 45.6٪ دەنگەکانی هێنابوو، لە ئێستادا تەنها یەک کاندیدی ژنی هەیە لەو سنورەدا و کۆمەڵ کە ئێستا ئەحمەدی حاجی رەشید کاندیدیەتی پێشتر 16.4٪ی دەنگەکانی هێنابوو، یەکگرتووی ئیسلامیش 14.9٪ی دەنگەکانی هێنابوو ئەمجارەش بە هەمانشێوە موسەنا ئەمین کاندیدیەتی، پارتی 14.2٪ی دەنگەکانی هێنابوو ئەمجارەش ئەشواق جافی کاندید کردووە.

بازنەی چوار کە سنوری ئیدارەی راپەڕینە، هاوپەیمانی پێشتر 61.4٪ی دەنگەکانی هێنابوو ئێستا سێ کاندیدی هەیە، کۆمەڵ تاکە کاندیدی سۆرانعومەرە  و پێشتر 13.30٪ی دەنگەکانی هێنابوو، نەوەی نوێ بە هێزترین کاندیدی خۆی کە سروە عەندول واحیدە لەو بازنەیە پاڵاوتووە پێشتریش 11.5٪ی دەنگی هێنابوو، پارتیش بە هەمان شێوە بەکاندیدێکی ژن بەشداری کردووە وپیشتر 10.6٪ی دەنگەکانی هێنابوو.

بازنەی پێنج رەنگە ئاڵۆزترین بازنەی سلێمانی بێت بۆ شیکردنەوە، لەبەر ئەوەی پێشتر گۆڕان و یەکێتی 61.2٪ دەنگەکانیان هێنابوو، بەڵام دەنگی گۆڕان لەو ناوچەیە لە مەترسیدایە لەبەر ئەوەی غالب محەمەد خۆی کاندید کردووە، و یەکێتیش خۆی سێ کاندیدی هەیە، هاوکات پێشتر نەوەی نوێ بە دەنگی یوسرا رەجەب 13.4٪ی دەنگی هێنابوو بەڵام ئەمجارە ئەو ژنە بە سەربەخۆ خۆی کاندید کردووە و کۆمەڵی دادگەری و یەکگرتووش کاندیدیان نییە کە بە هەردو هێزەکە پێشتر15٪ی دەنگیان هێنابوو، ئەوەش ئەگەری هەیە لە سودی غالب بشکێتەوە، لەبەرامبەردا دەنگی پارتی لە بازنەکە 10.4٪ بووە.

 

دەنگەکانی دهۆک: 

ژمارەی کورسیەکان لە دهۆک 11 کورسی، پارتی زۆرینەی رەهای کورسیەکانی بەدەست هێنا کە 10 کورسی بوو یەکگرتووی ئیسلامیش یەک کورسی بەدەست هێنا.

لە بازنەی یەکی دهۆک پارتی پێشتر و لە ساڵی 2018دا لە دواین هەڵبژاردندا کە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بوو 80.1٪ی دەنگەکانی بردەوە و یەکگرتوو 9.4ی دەنگەکانی بردەوە، هاوپەیمانی لەو کاتەدا 6.2٪ دەنگیان بەدەست هێنابوو،  بەڵام لەم بازنەیەدا بۆ ئەم هەڵبژاردنە هیچ کاندیدێکیان نییە تەنها نەوەی نوێ  و یەکگرتووو رکابەری پارتی دەکەن.

بازنەی دوو لە ساڵی 2018دا پارتی 83.9٪ی دەنگەکانی هێناوە،  یەکگرتووی ئیسلامی 7٪ی هێناوە و هاوپەیمانی 5.4٪ دەنگەکانی هێناوە، نەوەی نوی لەو کاتەدا 3.4٪ی دەنگەکانی هێناوە.

بازنەی سێی پارێزگاکە چوار کورسی تیادایە، بۆ پارتی لاوازترین دەنگی پارێزگاکەیە کە لە ساڵی 2018دا توانیویەتی 74.8٪ دەنگەکان بەرێتەوە لە بەرامبەردا هاوپەیمانی لە سنوری بادیناندا بەهێزترین بازنەیەتی کە 12٪ دەنگەکانی بردووەتەوە و ئەمجارەش تەنها یەک کاندیدیان لە بازنەکەدا هەیە کە ئافرەتە، یەکگرتووی ئیسلامیش کە لەو کاتەدا 6.9٪ی دەنگەکانی هێناوە ئەمجارە کاندیدی نییە لەو ناوچەیەدا کۆمەڵیش کە 1.7٪ی هێناوە کاندیدی نییە.

 

دەنگەکانی موسڵ بۆ پارتی و کەرکوک بۆ یەکێتی

ژمارەی کورسیەکان لە موسڵ 31 کورسییە هەشت کورسی بۆ رەگەزی مێ و سێ کورسی بۆ کۆتای ئێزدی و مەسیحی و شەبەک، پارتی پێشتر لەم ناوچەیەدا نوێنەرایەتی کوردی کردووە و توانیویەتی هێزێکی باش لە دەنگی خەڵکی ناوچەکە وەر بگرێت، کە 6 کورسی بردەوە، هاوکات هەر ئەوکاتە یەکێتی کورسیەکی لەو ناوچانە بردەوە بەوەش دەنگی کورد بە کۆی گشتی کردییە 7 کورسی بەڵام پارتی لە کەرکوک بەشداری هەڵبژاردنی نەکرد بۆیە هیچ دەنگێکی لە کەرکوک بەدەست نەهێنا.

ئەمجارە ئێزدییەکانیش بۆخۆیان جيند کاندیدێکیان هەیە کە ئەمەش هۆکارێک دەبێت بۆ ئەوەی دەنگەکانی پارتی کاریگەری هەبێت و ئەگەری لەدەستدانی کورسی لەو ناوچانە زیاتر بکات.

ژمارەی کورسیەکان  لە کەرکوک 12 کورسییە، پێشتر یەکێتی لەو پارێزگایە شەش کورسی بەدەست هێنابوو، بەوەش دەنگی یەکەمی شارەکەی بردەوە، لەبەرامبەردا هەریەکە لە بەرەی تورکمانی و هاوپەیمانی عەرەبی هەریەکەیان سێ کورسیان بەدەست هێنابوو، بەڵام دۆخی ئەمجارەی یەکێتی بە هۆی کێشەکانی ناوخۆی یەکێتی خراپە لە کاتێکدا ئاڵا تاڵەبانی و دیلان غەفور رکابەریەکی قورس دەکەن و پارتیش گەڕاوەتەوە و کاندیدی خۆی هەیە لە شارە ئەوە جگە لە نەوەی نوێ و حزبی سۆسیالیست کە کاندیدیان هەیە و لە دەنگی کورد کەم دەکەنەوە.  کورد لە باشترین دۆخدا شەش کورسیەکە دەهێنێتەوە، هەرچەندە ئەگەرهەیە، کورسیەکیش لەدەست بدات.

 

وتەی کۆتایی:

راگرتنی باڵانسی نێوان کاندیدەکان بۆ حزبەکان قورسترین کار دەبێت کە پێویستە لەو بازنانەی زیاتر لە کاندیدێکیان سەردەخەن باڵانسی دەنگی کاندیدەکانیان رابگرن، ئەگەر بێت و کاندیدەکان باڵانسیان رانەگیرێت ئەگەر هەیە کاندیدی لایەنێکی دیکە دربچێت کە دەتوانێت بە زیادبوونی یەک دەنگ کێشە بۆ کاندیدێک دروست بکات.

هاوکات یەکێکی دیکە لە کێشەکان لە ناوچە دابڕێندراوەکان روبەڕوی کورد دەبێتەوە کە ئەگەر هەیە لە رکابەریدا دۆخەکە لە بەرژەوەندی لایەنە نا کوردیەکان بشکێتەوە.

کێشەیەکی دیکە بۆ هێزەکانی دەرەوەی دەسەڵاتە کە بە گوێرەی پیشبینیەکان رێژەی بەشداری نەکردنی خەڵک لە دەنگدان لەم هەڵبژاردنەدا زیاد دەبێت بە شێوەیەک کە ئەگەری هەیە کاری گەری بکات لە دەنگی کاندیدی لایەنە بچوکەکان.

هاوکێشەی ئەمجارە بەشیوەیەکە دەنگی زیادەی کاندیدە براوەکان بۆ براوەی دوای خۆی دەبێت ئیتر لە هەر لایەنێک بێت، بۆیە کاندیدەکان دەبێت شەڕ بکەب بۆ بەدەستهێنانی دەنگێکی زیاتر لە رکابەرەکانیان.

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button