سەندیکای پزیشکان پەرستار و دەرمانسازەکان دەداتە دادگا

لڤین:
سەندیکای پزیشکانی کوردستان بڕیاریدا لەڕێگەی دادگاوە سکاڵا تۆمار بکات لەسەر هەر پەرستار و تاقیگە و دەرمانخانەیەک کە کاری پزیشک بکات.
لقی هەولێری سەندیکای پزیشکانی کوردستان لە ئاگادارکردنەوەیەکدا دەڵێت، بڕیارماندا لەمەودوا لە ڕێگای دادگاوە ڕێکاری یاسایی بەرامبەر ئەو کەسانە بگرینەبەر کە کاری پزیشکی دەکەن و بە یاساش رێپێدراو نین ئەو کارە بکەن.
هۆکاری سکاڵا تۆمارکردنیشی لە دادگا بۆ ئەوە گێڕاوەتەوە کە “ڕێکارەکانی دی وەکو داخستن و پێبژاردن کە بە سوپاسەوە لە لایەن سەرجەم سەندیکا پزیشکیەکانی دی و لایەنە پەیوەندیدارەکانی کەرتی تەندروستی وەکو ڕێکاری یاسایی بەرامبەر ئەو کەسانە جێبەجێکران نەبوونە هۆی بنبڕکردن یاخوود کەمتر کردنەوەی ئەو گرفتە”.
لقی هەولێری سەندیکاکە دەشڵێت “بەردەوام دەبین لەسەر گەڕان بە دوای ئەو کەسانەی ئەو کارانە ئەنجام دەدەن و ڕوبەڕووی دادگایان دەکەینەوە، ئەوەش بۆ پارێزگاریکردنە لە پیشەی پزیشکی و سەلامەتی تەندروستی هاوڵاتیان.”