نێچیرڤان بارزانی: پشتگیری باشکردنی ژیانی زانایانی ئاینی دەکەم

لڤین:

سەرۆکی هەرێمی کوردستان ڕۆڵ و کاریگەری یەکێتی زانایانی ئایینی هەرێمی کوردستان بەرز دەنرخێنێت ودەڵێت، هه‌موو پشتگیرییه‌ک له‌ مافه‌کانیان و باشترکردنی ژیان و گوزه‌رانیان ده‌که‌ین.

نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردووەتەوە و پیرۆزبایی خۆی ئاراستەی یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی لە کوردستان دەکات و پشتگیری لە ماف و باشترکردنی ژیان و گوزەرانیان دەکات.

دەقی ڕاگەیاندراوی نێچیرڤان بارزانی:

له‌ یادى 51 ساڵه‌ى دامه‌زراندنى یه‌كێتیى زانایانى ئایینى ئیسلامیی كوردستاندا، به‌ گه‌رمى پیرۆزبایى له‌ یه‌كێتیى زانایان و ئه‌ندامانى و ته‌واوى مامۆستایانى ئایینى ئیسلامی له‌ كوردستان ده‌كه‌م، هیواى ته‌مه‌ندرێژى و سه‌ركه‌وتنیان بۆ ده‌خوازم.

ڕۆڵ و كاریگه‌ریى یه‌كێتیى زانایانى ئایینى ئیسلامیی كوردستان و كار و خه‌باتى زیاتر له‌ نیو سه‌ده‌یان له‌ خزمه‌تى ئایین و خه‌ڵكى كوردستان و بره‌ودان به‌ گیانى نیشتمانپه‌روه‌رى و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى سته‌م و به‌رگریكردن له‌ مافه‌كانى مامۆستایانى ئایینى، به‌رز و به‌ ڕێزه‌وه‌ ده‌نرخێنین، هه‌موو پشتگیرییه‌ک له‌ مافه‌کانیان و باشترکردنی ژیان و گوزه‌رانیان ده‌که‌ین.

یه‌كێتیى زانایانى ئایینى ئیسلامیی كوردستان و مامۆستایانى ئایینى و پێگه‌یان له‌ کۆمه‌ڵگه‌دا، ڕۆڵى كارایان له‌ پاراستن و بڵاوكردنه‌وه‌ى گیانى ته‌بایى و لێبورده‌یى و یه‌كترقبووڵكردن و میانڕه‌وى و ڕه‌تكردنه‌وه‌ى توندوتیژى و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى توندڕه‌وى هه‌یه‌ و له‌م یاده‌دا جه‌خت له‌ گرنگیى ڕۆڵ و كاریگه‌رییان له‌ پته‌وكردن و قووڵكردنه‌وه‌ى پێكه‌وه‌ژیانى ئاشتییانه‌ له‌ هه‌رێمى كوردستان ده‌كه‌ینه‌وه‌.

سڵاو و دروود بۆ گیانى پاكى ئه‌و مامۆستا به‌ڕێزانه‌ ده‌نێرین كه‌ له‌ كاروانى خه‌باتى یه‌كێتیى زانایانى ئایینى ئیسلامیی كوردستاندا گیانیان به‌ نیشتمان به‌خشى، سه‌ره‌خۆشى له‌ خێزان و كه‌سوكارى به‌ڕێزى مامۆستایانى كۆچكردوو به‌ نه‌خۆشیى ڤایرۆسى كۆرۆنا ده‌كه‌ین و هاوخه‌میانین، خواى مه‌زن گیانیان به‌ به‌زه‌یى و میهره‌بانیى خۆى شاد بكات.

بۆ خزمه‌تى نیشتمان و داهاتوویه‌كى باشتر، په‌روه‌ردگار پشت و په‌ناى هه‌موومان بێت.

نێچیرڤان بارزانى

سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان

2021/21/9

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button