وادەی وەرگرتنی خوێندکاران لە زانکۆ و پەیمانگاکان ئاشکرا کرا

لڤین:

وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ڕایگەیاند، 25ی ئەم مانگە وەزارەتی پەروەردە ئەنجامی قوتابیانی پۆلی 12 بۆ وەزارەتی خوێندنی باڵا دەنێرن و دواتر پرۆسەی وەرگرتنی قوتابیان دەستپێدەکات.

ئارام محەمەد قادر، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی حکومەتی هەرێم بە کەناڵی کوردستان 24ی راگەیاند “هەوڵدەدەین هاوشێوەی ساڵی ڕابردوو زۆرترین قوتابی لە زانکۆ و پەیمانگاکان وەربگرین و هیوادارین بتوانین ئەوە بکەین”.

وتیشی، “لەگەڵ وەزارەتی پەروەردە هەماهەنگیمان کردووە، بڕیارە لە 25ی ئەم مانگە ئەنجامی قوتابیانمان بۆ بنڕین و دواتر دەست بە وەرگرتنی قوتابیان دەکرێت و ڕەنگە پرۆسەکە ماوەی مانگێکی پێ بچێت”.

ئەوەش دوای ئەوەهات دوێنێ ئەو وەزیرە لە کۆنفرانسی پەروەردەیی زانکۆی ئەمەریکی کوردستان لە دهۆک وتی: گرفتی گەورەمان سیستمی وەرگرتنی قوتابیانە لە زانکۆ، کە تەنها پێوەر تێکڕا نمرەی قوتابییە لە پۆلی 12، ئەم سیستمە توانا راستەقینەکان و باکگراوند و داهێنانی قوتابیان و خوێندن لەبەرچاو ناگرێت، پێویستە ئەم سیستمە بگۆڕدرێت، تا ئەمە نەگۆڕین ناتوانین دڵخۆشبین بەوەی هیچ ریفۆرمێک لە هەرێمی کوردستان دەتوانێت جێگە بگرێت.

 

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button