کورد و پارلەمانی عێراق

لڤین: هونەر تۆفیق

بەشی یەکەم

لە ساڵی ١٩٢٣ ەوە ، باشووری کوردستان ( ولایەتی موسڵ) بۆتە بەشێکی سەرەکی لە دامەزراندنی دەوڵەتی عێراق . ولایەتی موسڵ بریتی بوو لە چوار لیوای موسڵ ، هەولێر ، سلێمانی ، کەرکوک ، دواتر لە ساڵی ١٩٦٩ دا دهۆکیش کرایە لیوا .

ساڵی ١٩٢٤ دەستەی دامەزرێنەر لە شارەکانی هەرسێ ولایەتی موسڵ و بەغدا و بەسرە کۆبوونەوە بۆئەوەی ئامادەکاری بۆ دەستور و پارلەمان و حکومەت و هەڵبژاردنی سەرتاسەری لەو دەوڵەتە تازەیەدا بکەن .

١٩٢٥ یەکەم هەڵبژاردن بۆ ٩٠ ئەندام پارلەمان کرا . ڕێژەی کورسیەکانی کورد لە هەولێر ٥ ، سلێمانی ٤ ، کەرکوک ٤ ، موسڵ ١٢ ، کە سیانیان بەر کورد دەکەوت ، ١٤ کورسی بوو . واتە نزیکەی ٪١٧ ی کورسیەکانی پارلەمانی عێراق بەر کورد کەوتووە .

لە خولی یەکەم ١٩١٢٥ ،دووەم ١٩٢٨ ، سێهەم ١٩٣٠ ، چوارەم ١٩٣٣ ، پێنجەم ١٩٣٤ ، ڕێژەی کورد لەو ٩٠ کورسیەی پارلەمان وەک خۆی ماوەتەوە .

لە خولی شەشەمەوە ١٩٣٥ ، ژمارەی کورسیەکانی پارلەمان دەکرێت بە ١٠٨ کورسی . لە سلێمانی کورسیەک زیاد دەکات دەبێت بە ٥ کورسی . لە کەرکوک دوو کورسی زیاد دەکات دەبێت بە ٦ کورسی ، لە موسڵیش کورسیەک زیاد دەکات ، دەبێت بە ١٣ کورسی . کۆی نوێنەری کورد لە پارلەمانی عێراق دەبێت بە ١٩ نوێنەر . بەهەمان ڕێژەی ٪١٧ .

لە خولەکانی شەش ١٩٣٥ ، حەوت ١٩٣٦ ، هەشت ١٩٣٧ ، نۆ ١٩٣٨ ، دەیەم ١٩٤٣ ، ژمارەی کورسیەکان و ڕێژەی کورد وەک خۆی دەمێنێتەوە .

لە خولی یانزەهەمەوە ١٩٤٦ ، کورسیەکانی پارلەمان زیاد دەکرێت بۆ ١٣٨ کورسی .

کورسیەکانی هەولێر زیاد دەکات بۆ ٨ کورسی ، سلێمانی وەک خۆی دەمێنێتەوە ٦ کورسی ، کەرکوک زیاد دەکات بۆ ٨ کورسی ، موسڵ زیاد دەکات بۆ ١٩ کورسی .

ژمارەی نوێنەرکانی کورد لە هەرچوار لیواکەدا دەبێت بە ٢٤ کورسی ، لەگەڵ کورسیەکی سەڵاح بابان لە لیوای دیالە دەبن بە ٢٥ ئەندام پارلەمانی کورد بە هەمان ڕێژەی ٪١٧ .

لە خولەکانی دوانزە ١٩٤٨ و سیانزە ١٩٥٣ ، چواردە ١٩٥٧ دا وەک خۆی دەمێنێتەوە . تا کودەتاکەی ١٩٥٨ ی عەبدلکەریم قاسم بەسەر دەوڵەتی پادشایەتیدا و بەکۆماری کردنی عێراق . لەماوەی ئەو چواردە خولەدا هەڵبژاردنی کورد بۆ نوێنەرەکانیان پەیوەندی بە بەرنامە و کاری کاندیدەکانەوە نەبووە . بەڵکە کێبڕکێکە تەنیا لەسەر ئەوەبووە کێ دەتوانێت ئاغا یان بەگەکەی خۆی بگەیەنێتە پارلەمان . ئامانجی دەنگدەر ئەوەبووە بەگەکەی بیباتەوە و بچێتە بەغدا و هیچی تر .

ماویەتی ..

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button