ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم کۆدەبێتەوە

لڤین:
ئەنجومەنی وەزیران بە گفتوگۆی چەند بابەتێک کۆدەبێتەوە کە گرنگترینیان، بڕیاری هێنانی ئاردە لەدەرەوەی هەرێم و نەهێشتنی سیمکارتە بێسەرەتاکانە.
ئەمڕۆ چوارشەممە ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەت و قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەت کۆدەبێتەوە.
فەرمانگەی میدیا و زانیاری ئاشکرای کرد، لە کۆبوونەوەکەدا خستنەڕووی ئامادەکارییەکانی وەزارەت و لایەنە پەیوەدیدارەکان بۆ هەڵبژاردنەکان بە ئاڕاستەی بانگەشەیەکی مەدەنییانەی ئارام و دوور لە پشێوی و یەکترشکاندن دەبێت.
فەرمانگەکە ئاماژەی بەوەکردووە لە تەوەری دووەمدا: بەدواداچوونی هەنگاوەکانی وەزارەتە پەیوەندیدارەکان بۆ جێبەجێکردنی بڕیاری قەدەغەکردنی بەکارهێنانی سیمکارتی بێ بەرایی و لیژنەی لێکۆڵینەوە سەبارەت بە کواڵیتی هاوردەکردنی ئارد لە دەرەوەی هەرێمی کوردستان باسی لێوە دەکرێت.
هاوکات ڕەشنووسی پلانی نیشتمانی هەرێمی بۆ مافەکانی مرۆڤ (2021 – 2025) بڕیاری کۆتایی لەسەر دەدرێت و ڕەشنووسی (پەیڕەوی سندووقی پاڵپشتی گەشەپێدانی ڕێگاوبان لە هەرێمی کوردستان – عێراق) کە لە لایەن وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن بە هەماهەنگی وەزارەتەکانی (سامانە سروشتییەکان، دارایی و ئابوری، ناوخۆ) ئامادەکراوە دەخرێتە بەرباس.