دۆسیەی میران محەمەد گەڕێندراوەتەوە بۆ دادگای دەستپاکی

لڤین:

دادگاى سلێمانى لە بارەی داخستنى دۆسیەى بەڕێوەبەری پێشووی تەندروستی سلێمانی روونکردنەوەیەکی بڵاو کردەوە و رایگەیاند، دۆسیەکە گە‌ڕێندراوە‌تە‌وە‌ بۆ دادگای دە‌ستپاكی.

دوێنێ پێگەی درەو لە زاری پارێزەری میران محەمەد، بەڕێوەبەری پێشووی تەندروستی سلێمانی و ئەندامی مەکتەبی سیایسی یەکێتی، بڵاویکردەوە “لەو كەیسەدا هیچ شتێك لەسەر دكتۆر میران نەسەلمێندرا، بۆیە دادگا گەیشتە ئەو بڕوایەی بانگهێشتی نەكات، چونكە لەو دۆسیەیەدا هیچ سیفەتێكی نییە‌و كەیسەكە پەیوەندی بەدوو كۆمپانیاوە هەیە‌ و ژمێریارەكەیان دراوە بە دادگا”.

شەوی رابردووش سەرۆكایەتی دادگای تێهەڵچونەوەی ناوچەی سلێمانی، لەو بارەیەوە روونکردنەوەیەکی بڵاو کردەوە و تیایدا دەڵێت “تۆمەتەكان رەت نەكراونە‌تە‌وە و دۆسییە‌كە‌ بە‌ ھیچ شێوە‌یە‌ك دانە‌خراوە و گە‌ڕێندراوە‌تە‌وە‌ بۆ دادگای دە‌ستپاكی بۆتە‌واو كردنی رێكارە‌ یاساییە‌كان”.

دوای بڵاوکردنەوەی ئەو هەواڵە پەرلەمانتار عەلی حەمەساڵح رایگەیاند “چوار ساڵ دۆسیەکە لە داواکاری گشتی بوو نەجوڵا، ناکۆکی دروستبوو جوڵاو بڕیاری دەستگیرکردن دەرچوو، کە سوڵحی سیاسی کرا ئیدی گرفت نەما”.

لە بەرامبەردا دادگای تێهەڵچونەوەی سلێمانی جەختی لەوەکردووەتەوە دادگا لەبڕیارەكانیدا سەربەخۆیی تەواوی هەیە “بەپێی یاسا و بەگوێرەی ئەو سكاڵا و بەڵگانەی دەخرێتە بەردەستی كار دەكات و لەسەر داوای هیچ كەسێك و لەخۆڕا دۆسیە ناكاتەوە و دۆسیە داناخات”.

دادگا لە بەشێکی دیکەی روونکردنەوەکەیدا دەڵێت ” یاسا لەسەرووی هەموو لایەكە و دادگا ئیجرائاتی یاسایی خۆی دەكات بەبێ گوێدانە پلە و پایەی لایەنەكانی داوا”.

دۆسیەی میران محەمەد پەیوەندی بە ساخکردنەوەی جەکی بێرەسیدی کۆمپانیاکانەوەهەیە، کە عەلی حەمەساڵح رایگەیاندبوو کە ئەو چوار ساڵ پێش ئێستا داویەتی بە دادگا، بەڵآم لەگەڵ دروستبوونی ناکۆکی لە نێوان هاوسەرۆکانی یەکێتیدا دۆسیەکەی میران محەمەد کە ئێستا ئەندامی مەکتەبی سیایس یەکێتیە جوڵێندرا.

دۆسیەکە وەک بەڕێوەبەری تەندروستی سلێمانی لە کاتی خۆیدا لەسەری کراوەتەوە، بەڵام لە ئێستا دەنگۆی ئەوە هەیە کە میران محەمەد لەگەڵ بافڵ تاڵيبانی گەیشتووەتە لێکتێگەیشتن و بەو هۆیەوە دۆسیەکەی دادەخرێت، بەڵام تا ئێستا هیچ لایەنێک بە فەرمی باسی لەو تێگەیشتن و رێکەوتنە نەکردووە.

 

 

 

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button