دیسان شەرمەزاری!!

لڤین: هاوڕێ دڵشاد-ئەندامی پێشووی مەکتەبی سیاسی حزبی شیوعی

پاش بلاو کردنەوەی ناوی ئەو چوار هاورێیانەی کە بە رێگایەکی نایاسای بە وەزیر خانەنیشن کراون. کومەلیک لە ئەندامانی حزبی شیوعی کەوتوونەتە بەرگری کردن لەو ناوانە بەپاساوی ئەوەی ئەوانە شورشگێڕ بووینە . (هەمان پاساوی یەکێتی و پارتی بۆ گەندەلیەکانیان)!! هێرشەکە بە دژایەتی کردنی حزب و مێژوەوەکەیەوە دەبەستنەوە..

پێش هەموو شتێک خودی چوونە نیو ئەو پروسەیە لەلایەن ئەو کومەڵە هاورێیەوە ، کە ژمارەکە لەوە زۆر زیاترە ، تاوانیکی گەورە بوو لەگەل بیروباوەرەکەی خویان کە گوایە هەموو ژیانیان لە پێناو دادپەروەری کۆمەلایەتیدا تێکوشاون. پاشان بۆ دەبێت تێکوشەر بە وەزیر خانەنیشین بکرێ؟ ئایا لە نیو حزبدا هەر ئەوانە تێکوشاون؟ ئایا پێشکەش کردنی ئەو ناوانە بۆ دەسەلات تا خانەنیشین بکرێن لە نیو خودی حزبیشدا دادپەروەرانە بوە؟ ئایا ئەو بەرێزانە لە شەهیدانی حزب زیاتر شورشگێڕ بوونە کە ئێستا موچەکانیان چەند سەد هەزارێکە؟ ئەوانە و کۆمەلیک پرسیاری تر پێویستە وەڵامیان بدرێنەوە…

زۆرینەی ئەوانەی شارەزاییان لە نیو حزبی شیوعیدا هەیە ئەو راستیە دەزانن کە ئەو لیستە و لیستەکانیتر ، کە زۆرینەیان دەچنە نیو پروسەی گەندەلیەوە ، لە نیو خودی حزبدا چۆن درووست کراون!! بەرگری کرن بە هێرش کردنە سەر ئەوکەسانەی کە باسی ئەو گەندەڵییە دەکەن هیچ لە گەندەڵییەکە کەم ناکاتەوە.

بەلکو ئەوەی راستگویانە دلسوزی مێژووی حزبە و دژ بە گەندەلیە، پێویستە لە رێگا ریسوا کردنی ئەوانەی کە لە پروسەکەدابوونە و بەرێوەیان بردوە مێژووی حزب بپارێزن نەک بەرگری کردن لەو پروسەیەدا. من تێناگەم ئایا ئەوەی بلاوی کردۆتەوە تاوانبارە یان ئەوەی حزبی بەکارهێناوە بۆ بەرژەوەندی خۆیی و بنەمالەکەی؟؟

من نایشارمەوە لەگەل دیتنی ئەو هێرشانەی کرانە سەر ئەو کەسەی بلاوی کردۆتەوە ( ئەو کەسە هەر کێ بێ و سەر بە هەر رەوتێک بێت) ناوەرۆکی هێرشەکان بەرگری کردنە لە پروسەی گەندەلی. ئەو راستیەم زیاتر بۆ رۆن بۆوە کە پێکهاتەی ئێستای حزب هیچ هیوایەکی تێدانەماوە بۆ ئەوەی ببێتە سەنگەرێک بۆ دژایەتی کردنی گەندەلی لە داهاتودا!!

بەگوێرەی ئەو زانیاریانەی من هەمە خودی ئەو لیستە لەسەر بنچینەی مەحسوبیەت دروستکراوە ( ناوی کەسێکی تیدایە کە کاتی کۆنگرەی چواری حزب ناوی لەو لیستەدا بوو کە بە عەشرە موبەشەرە ناسرابوون. بەلام پاش گەیشتنی زانیاری کە کاتی گیرانی بەلێنی بە بەعس داوە کە کومەکیان بکات و ئەو زانیاریانەشی لە حزب شاردوتەوە لە کومیتەی ناوەندی هێنرایە خوارەوە). نەوەک ئەگەر بە پێوەری تێکوشان بێت کامیان لەو ناوانەی هاتوون بە قەد کوچکردوو هاورێ ئەبو سیروان لە کوردستان تێکوشاون؟ کە هەموو کاتەکان لە کوردستان بوو و بەر هێرشی کیماویەکەش کەوت. ئایا زانییاریتان هەیە هاورێ کوچکردوو مەلا حەسەن بە پیشەی خۆی کە ماموستایەتی بوو خانەیشین بووە و تا خێزانەکەی مابوو مانگانە موچەی خانەنیشینەیەکەی هاورێ مەلای وەردەگرت کە بری 270 هەزار دیناربوو!!

ئایا ئەوانەی ناویان لەخۆ ناوە شیوعی نەدەبایە جیاوازیەک لە نیوان خۆیان و ئەو دەسەلاتە گەندەلە بکەن؟! ئایا هەر بەراستی ئەوانە پێویستیان بەو موچەیە بوو کە زۆرینەیان لە دەرەوە دەژین و زۆرینەی پێداویستیە سەرەتایەکانیان بە خورای بۆ دابینکراوە!! دەبێت نەیانزانیبێت کە ئەوە دژ بە دادپەروەری کومەلایەتیە کە گوایە تەمەنیک لە پێناویدا تێکوشاون!! لە روانگەی ئەوانەوە ئایا ئەوە دادپەروەری کومەلایەتیە کە خێزانی شەهیدێکی حزب کە لە کوردستان دەژێت وموچەکەی چەند سەد هەزارێکە و بەرێزیشی لە دەرەوە دەژیت شەش ملیون وەرگرێت؟

لە کۆتاییدا ئەوەندە دەڵێم ئەوە ئێمە لە سەرەتاین و چەندین لیستی تری گەندەلی کە بەناوی حزبەوە ئەنجامدراوە چاوەروان دەکرێت بێتە سەر لاپەرەی بلاوکراوەکان. بویە ئەرکی دلسوزانی مێژووی حزب ئەوەیە ریسوای ئەوانە بکەن کە ناوی حزب و مێژوەکەیان نەپاراست و حزبیان خزاندە نیو ئەو پروسە گەندەلییەی کە ئێستا بۆتە شەرمەزاری بۆ مێژووی تێکوشانی خویان و حزب. تەنیاش لە پێناو مشتیک لە پارەی گەندەلی کە لە بنچینەدا پێویستیان پێنەبوو . ئەو قسەی ماندێلاشمان لەبیر نەچیت کە دەلیت تەنیا گەندەلەکانن بەرگری لە گەندەلی دەکەن

 

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button