هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە بارەی هێرشەکەی شەوی رابردووی هەولێر روونکردنەوەیدا

لڤین:
وتەبێژی هێزەكانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش ڕایدەگەیەنێت، هێرشەكەی شەوی ڕابردووی سەر فڕۆكەخانەی هەولێر بە دوو فڕۆكەی بێفڕۆكەوان ئەنجامدراوە.
وەین مارۆتۆ، لە تویتێكدا لە هەژماری خۆی لە بارەی هێرشەکەی شەوی رابردوو دەڵێت، هێرشەكەی سەر فڕۆكەخانەی هەولێر لە ڕێگەی دوو فڕۆكەی بێفڕۆكەوانەوە بووە و هیچ زیانێكی گیانی و ماددی نەبووە.
وتیشی “یەكێك لە فڕۆكە تێكشكێندراوەكان كەوتە نێو سنوری بنكەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی و فڕۆكەكەی دیكەش كەوتە دەرەوەی سنوری بنكەكەوە و هێرشەكان هیچ زیانێكی گیانی و ماددییان لێنەكەوتوەتەوە”.
ئاماژەی بەوەشکرد، هەر هێرشێك كە دەكرێتەسەر حكومەتی عێراق، هەرێمی كوردستان و هاوپەیمانان، دەسەڵاتی دامەزراوە عێراقییەكان، سەروەریی یاسا و سەروەریی نیشتمانیی عێراق لەناودەبات.
جەختی لەوەش كردەوە، ئەو هێرشانە ژیانی خەڵكی مەدەنی، هێزە هاوبەشەكانمان لە سوپای عێراق، هێزەكانی پێشمەرگە و هاوپەیمانان دەخەنە مەترسییەوە.