ئێرە پەنجشیر نیە (خۆشناوەتیە)

(١)
زیاتر لە هەفتەیەک بوو خەڵکی دۆڵی بالیسان رێگەیان نەدەدا بارهەڵگرەکان بەسەر رێگای نێوان (خەلیفان- بالیسان- رانیە) تێپەڕن، هۆکاری سەرەکی گردبوونەوەکەیان قیڕتاونەکردنی حەفت کیلۆمەتر بوو.
((مانگی رابردوو پارێزگاری هەولێر ئومێد خۆشناو لە راگەیاندنەکان بە خەڵکی دۆڵی بالیسانی گووت “مژدەم پێیە بۆتان” قەراربوو رێگاکەیان بۆ نۆژەن بکاتەوە، بەڵام دواتر دەرکەوت مژدەکەی جەنابی پارێزگار تەنها پینەوپەرۆکردنی جادەکە بووە))
(٢)
دونێ شەو لەسەر داوای پارێزگار کۆتایی بە گردبوونەوەکە هات، بڕیاروایە سەرەتایی ئەو هەفتەیە دەست بە جێبەجێکردنی داواکاریەکانیان بکرێت، بە پێچەوانە خۆپیشاندان دەستپێدەکاتەوە.
((ئەو دۆڵە لە رووی خزمەتگوزاری هەزار و یەک کەموکوڕی هەیە، یەکێک لە کێشە سەرەکیەکانیان بێکاری گەنجانە))
(٣)
دروشمی (ئێرە پەنجشیر نیە، ئێرە خۆشناوەتیە) یەکێک بوو لە کۆمەڵێک دروشمی گردبوونەوەکە، پێموایە پێچەوانەکەی راستە(رەنگە وەک تەنزیش بەکاریان هێنابێت)، چونکە ئەو دۆڵەش وەک دۆڵی پەنجشیری ئەفغانستان بەردەوام مەڵبەندی بەرەنگاری و تێکۆشان لە پێناوی ئازادی و بووە، بەڵام تەنها لە کاتی شەڕەکان لای دەستەڵات گرنگە، دەچیت هێز و شکۆی خۆی تێدا بڵاودەکاتەوە.
(( رژێمی بەعس؛ بە تۆپ و تانک و کیمیایی، دەستەڵاتی کوردیش؛ لە شەڕی کەپکی حەمەد ئاغا و کلاوقاسم))
(٤)
راستە گردبوونەوەکە کەسانی وەک مام تەهاشی تێدابوو(بەچەکەوە) بەڵام پێدەچی کۆمەڵێک گەنجی رۆشنبیر ئیدارەی گردبوونەوەکەیان کردبیت.
(( گەنجەکان بە ئەو کەسانەی دەچوونە ناو گردبوونەوەکە، گوڵ، شیرینی و کتێبیان دەبەخشی))
(٥)
سەنتەری وەرزشی، هۆڵی لەشجوانی، مەلەوانگە، یانەیەکی مەعقولی شەوانە، شانۆ، سەنتەرێکی رۆشەنبیری، هۆڵی بۆنە و ئاهەنگ، دکتۆری پسپۆر، تاقیگە، سەنتەرێکی چارەسەری بەرکەوتوانی چەکی کیمیایی، مۆزەخانەیەک بۆ پاراستنی پاشماوەی چەکە کۆمەڵکوژەکانی بەعس و کەلوپەلی ئەنفالکراوان، کارگە، هەفتە بازاڕێک بۆ ساغکردنەوەی بەرهەمی خۆماڵی جوتیاران، شەقامی دوو ساید، پەیمانگا، هیچ یەکێک لەمانەی سەرەوە لە دۆڵی بالیسان نیە.
(( تەنانەت بەڕێوەبەرایەتی ناسنامەی باری شارستانی بالیسانیش لە ناحیەی هیرانە))
(٦)
مادام پارێزگاری هەولێر بڕیاری داوە بە دەنگ داواکاری خۆپیشاندەران بچێت، بۆئەوەی روونتر لە چیرۆکە تراژیدیەکەی دۆڵی بالیسان تێبگات پێمخۆشە تابلۆیەکی بچوکی ئەو دۆڵەی پێشکەش بکەم.
جەنابی والی هەولێر، بەڕێز ئومێد خۆشناو، فەرموون ئەوەیە تابلۆکە؛ ئەو سەرۆک جاشەی بەشداری لە ئەنفال و کیمیابارانکردنی دۆلی بالیسان کرد، لە پایتەخت کۆشک و، دیوەخان و گەڕەکێکی گەورە بۆ خۆیی و جاشەکانی لە یەکێک شوێنە راقیەکانی ههولێر بۆ دروستكراوە، کۆڵانەکانی خانووی شەهیدانی بەرکەوتووی چەکی کیمیاییش لە ناحیەی بالیسان بەهاوین تەپوتۆزە و بە زستانیش دەبیتە قوڕولیتاو.
(( شهقامی جاشەکان قیڕە، شەقامی باشەکانیش قوڕ))
#وێنەی مام تەها؛ یەکێک لە سیمبولەکانی خۆپیشاندانی دۆڵی بالیسان
