ھۆشداری دەدرێت لە دۆخی خراپی زیندانیانی بادینان

لڤین:
ژمارەیەک کاندید و پەرلەمانتاری عێراق هۆشداری لەسەر خراپی ڕەوشی ژیانی زیندانیانی بادینان دەدون و داوا لە دەلاتی دادوەری و نەتەوەیەکگرتووەکان دەکەن بەھانای زیندانیەکانەوە بچن.
ھەریەکە لە ئەحمەد حاجی رەشید و غالب محەمەد و سەرکەوت شەمسەدین و رێبوار کەریم و سۆران عومەر نامەیەک ئراسیەی ئەنجومونی دادوەری عێراق و نەتەوەیەکگرتووەکان و رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و بایۆزخانەی ئەمریکا و نەتەوەیەکگرتووەکان دەکەن و تیایدا ھۆشداری دەدەن لە دۆخی خراپی زیندانیانی بادینان.
دەقی راگەیەندراوەکە:
سەبارەت بە مانگرتنی چالاکوانانی بادینان لە زیندان
بەرێز/ سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەری عێراق
بەرێز/ نوێنەری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق
بەرێز/ باڵیۆزخانەکانی ئەمریکا و یەکێتی ئەوروپا،
بەرێز/ رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ
بابەت/ مانگرتنی چالاکوانانی بادینان لە زیندان
بەرێزان ئێوە ئاگادارن ماوەی زیاتر لە یەک ساڵە دەسەڵاتی هەرێم دەیان هاوڵاتی مەدەنی دانیشتوی پارێزگای دهۆک لە زیندان توند کردووە تەنیا لەبەرئەوەی داوای مافە داراییەکانی خۆیانکردووە، جگە لە پێنج کەسیان کە بە نادادگەرانە سزا دراون، ئەوانیتریان بێ هیچ بریارێکی دادگا لە زیندانەکان راگیراون و چەندینجارە دانیشتنی دادگایکردنیان دوادەخرێت.
ئیمە ئاگادارتان دەکەینەوە لە خراپی رەوشی ئەم زیندانیکراوانە کە لەئێستادا مانیان لە نانخواردن گرتووەو بەوهۆیەوە لەرەوشێکی خراپی تەندروستی دان و لەلایەن هێزە ئەمنییەکانیشەوە روبەروی سزادان و سوکایەتیپێکردن دەبنەوەو هەموو هۆکارێکی پەیوەندیکردنیان بە کەسوکاریان و پارێزەرەکانیان لێ قەدەغەکراوە.
بەرێزان، لە ئێستادا رەوشی دادگا لە هەرێمی کوردستان لەوپەری خراپیدایە و بەتەواوی لەلایەن حزب و چەند کەسێکەوە کۆنترۆڵکراوە و دادوەرەکان ئیرادەیان لێسەندراوەتەوەو ئەمەش هەوێنی دروستبونی نائارامی سیاسی و ئەمنی زیاترە و بەرپرسیاری ئەم رەوشەش دەخەینە ئەستۆی حکومەتی هەرێم، داواش لە هاوپەیمانان و دۆستانمان دەکەین کە فشارەکانیان چر بکەنەوە بۆ کۆتایهێنان بەم رەشەو نالەبارە.
غالب محمد علی
سەرکەوت شمس الدین
احمد حمە رەشید
سۆران عمر
رێبوار کریم