ئەزیزم نرخی تۆ چەندە یەک دینار، دوو دینار، سێ دینار!

دەوڵەتی تورکیا لە کوردستان سنووری داگیرکاری خۆی فراوانتر دەکات. بەردەوام تورکیا لە باکوری کوردستان کوردان زیندانی و کۆمەڵکوژ دەکات. پارتی دەڵێت باکور سنووری تورکیایە، ئەوان کوردیشبن ئێمە ناتوانین شتێک بکەین، ڕێز لە تێکۆشانی کوردستان دەگرین، بەڵام ئەوێ سنووری وڵاتێکی ترە. دیسان کاتێک تورکیا لە ساڵی ٢٠٠٣ دا هەوڵیدا بێتە ناوخاکی هەرێمی کوردستان پارتی وتی ئێمە پشیلەیەکی خۆشمان نادەین بە تورکیا، بەڵام ئێستا کەمێکی ماوە دەوڵەتی تورکیا بە لەشکری بێنە هەولێر و سلێمانی.
زیاتر لە ساڵێکە، دەوڵەتی تورکیا لەسەر خاکی هەرێمی کوردستان ئۆپەراسیۆنی داگیرکاری زەمینی دەکات، سەرەتا بۆ حەفتانین بوو، هەواڵێک کە بڵاوکرایەوە لە ئاژانسەکانەوە ئەوەبوو، دەوڵەتی تورکیا هێرشی کردۆتە سەر گارێ. گارێ لەنێوان هەولێر و دهۆکدایە ئەوەش بەمانای کۆنترۆڵکردنی دهۆک و هەولێرە، دەگوترێت لەم ئۆپەراسیۆنە داگیرکارییەدا سێ هەزار پێشمەرگەی ڕۆژ بەشدارە، پارتی ئەمە لە پێناو چیدا دەکات؟ چۆن دەتوانێت بە دەوڵەتی تورکیا بڵێت؛ وەرە لەسەر خاکی هەرێمی کوردستان دانیشە؟ چۆن دەتوانێت لەگەڵ دەوڵەتێکی داگیرکەر، بەرامبەر بە برای خۆی ئۆپەراسیۆنی چەکداری بکات، ئەمە چ حاڵێکە؟
لە مێژوودا کورد زۆر جار لەنێوان شەڕی دەوڵەتاندا مردوون یان بوون بە پەنابەر. شەڕی عوسمانی و سەفەوی، شەڕی نێوان ئێران و عێراق یان شەڕی ساردی نێوان تورکیا و سوریا، بەردەوام کورد مەینەتی زۆری چەشتووە، بەڵام هیچ کات کورد وەک ئێستای پارتی بۆ داگیرکردنی وڵاتی خۆی چاوساغی بۆ دەوڵەتێکی داگیرکەر نەکردووە ئەمە جاری یەکەمینە بە پارتی دەستپێ دەکات و بەردەوامە. لەوانەیە پارتی لە داهاتوودا ئەمە لەبیر بکات، بەڵام مێژوو ئەم چاوساغییەی پارتی هیچکات لە یاد ناکات. کۆتایی میللەتی کورد بە حیزبێک نابێت بۆیە کاتێک مێژوو باسی ئەوی کرد، نەوەی داهاتووی ئەم گەلە پارتی ئاوا دەناسن، دەستی ئێوە لە خوێنی کورد دابوو.
دیسانیش زۆر درەنگ نییە پارتی دەتوانێت لەم بێبەختییە دەرچێت، چونکە وادیارە ئەو داگیرکارییەی تورکیا لەژێر ناوی (قەندیل) دەیکات هەتا سلێمانی بێت. دەوڵەتی تورکیا کاتێک تا سلێمانی هات، باشوری کوردستان هەموو دەکەوێتە ژێر کۆنترۆڵییەوە. دەوڵەتێک کە ڕیفراندۆمی کوردستانی قبووڵنەکرد، وتی ئێمە کوردستانێکی سەربەخۆ قبووڵناکەین بۆچی ڕێگەی پێبدرێ کوردستان کۆنترۆڵ بکات؟ ئەگەر سبەی حکومەتی عێراق بیەوێت فیدراڵی هەرێمی کوردستان هەڵوەشێنێتەوە، تورکیاش هاوکاری بکات پارتی چی دەکات؟ ئێستا دەوڵەتی تورکیا لە دەرەوەی سنووری ئێمەدا نییە، لە هەر جێیەکی باشوور لەشکری تورکیای لێیە. ئایا پارتی دەتوانێت تورکیا دەربکات؟ بێگومان ناتوانێت دەریبکات. پارتی مارێکی گەورەی خستۆتە باوەشی ئێمەوە چ کاتێک بەئێمەوە دەدات دیار نییە.
ئایا دوای ئەم ئۆپەراسیۆنە داگیرکارییە لەسەر چی ڕێکەوتن کراوە؟ دەوڵەتی تورکیا چ بەڵێنێکی بە پارتی داوە کەوا لە پارتی دەکات، ناچاری جێبەجێکردنی هەموو بڕیارێکی بێت؟ بەڵێنی سەربەخۆیی کوردستان، یان وەک شاری حەتایی ئیسکەندەروونی سوریا، هەرێم دەکاتە سنووری دەوڵەتی خۆیەوە. گەر پەیمانێکی وەها هەبێت حکومەتی عێراق هەڵوێستی چۆن دەبێت! دیارە کە دەوڵەتی تورکیا بۆ حکومەتی عێراقیش بەڵێنێکی داوە، ئەگەر وانەبێت حکومەتی عێراق بۆچی بێدەنگە. سەرۆکی دەستەی لەشکری تورکیا هولوسی ئاکار، سەردانی حکومەتی عێراق و حکومەتی کوردستانی کرد گفتوگۆیان لەبارەی چی کرد، بۆچی بەرامبەر بەتەڤگەری ئازادی کوردبوون بەیەک؟ ڕێکەوتن هەرچی بێت سەرەنجام براکوژی و کۆمەڵکوژی کوردە.
ئێستا وەک ژنێکی کورد دەپرسم ئەزیزم یەک دینار، دوو دینار، سێ دینار لەلای تۆ نرخی براکوژی چەندە! تۆ نرخی خۆت بێژە من هەموو دەرگاکانی وڵاتی خۆم دەکەمەوە، ئەو پارەیە بۆ تۆ دەدۆزمەوە تا برای من نەکوژی.

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button