حزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان داوای هاوکاری دەکەن

دوای ئەوەی فەرماندەی هێزی زەوینی سوپای پاسداران داوای لە هاوڵاتیانی هەرێمی كوردستان كرد دووربكەونەوە لە بارەگای حیزبە رۆژهەڵاتییەكان لە هەرێمی کوردستان چونكە هێرشیان دەكەنەسەر حزبەکانی رۆژهەڵات داوای هاوکاری دەکەن.

ناوەندی هاوكاریی حیزبەكانی رۆژهەڵاتی کوردستان لەبارەی هەڕەشەكانی سوپای ئێرانەوە راگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە تێیدا رایگەیاند، وێڕای شەرمەزاركردنی هەڕەشەكانی ئێران، لە ئەگەری ڕوودانی هەر حاڵەتێكی نائاساییدا كە ببێتە هۆی زیانگەیاندن بە ماڵ و حاڵی خەڵك و هەر جۆرە تاوانێك دژ بە مرۆڤایەتی و زیانگەیاندنێك بە ژینگەی كوردستان، كۆماری ئیسلامیی ئێران بە بەرپرسیار دەزانێت.

ناوەندەکە کە لە چەند حزبێکی رۆژهەڵاتی کوردستان پێهاتووە، راشیگەیاند، داوا لە بیروڕای گشتیی خەڵكی كوردستان، ئازادیخوازان، هێز و لایەنە سیاسییەكانی كورد لە هەر چوار پارچەی كوردستان، حكومەتی هەرێمی كوردستان و عێراق و كومەڵگای نێودەوڵەتی دەكات سنورێك بۆ زیادەڕۆییەكانی ئێران دابنێن.

داوای کردووە ئەو لایەنانە بە هەڵوێست و كردەوەی خۆیان، لە بەرانبەر ئەو هەوڵەی ئێراندا بوەستنەوە و رێنەدەن دەستدرێژیان بکرێتە سەر.

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button