25 هەزار کەس لە عێراق سزای لەسێدارەدانیان بۆ دەرچووە

لڤین:
وەزارەتی دادی عێراق ئاشكرایكرد، زیاتر لە50 هەزار کەس بەتۆمەتی تیرۆر لەزیندانەکانی عێراقدان کە نیوەیان سزای لەسێدارەدانیان بەسەرداسەپێنراوە.
ئەحمەد لعێبی، وتەبێژی وەزارەتی دادی عێراق بەئاژانسی هەواڵی عێراقی ڕاگەیاند، ژمارەی تیرۆریستە سزادراوەکان لەزیندانەکانی عێراقدا خۆی لەنزیکەی 50 هەزار کەس دەدات و لەو ژمارەیەش نیوەیان سزای لەسێدارەدانیان بۆ دەرکراوە.
ئەو وتیشی “هێشتا ئەوکەسانەی سزای لەسێدارەدانیان بۆ دەرچووە سزاکەیان بەسەردا جێبەجێنەکراوە، لەبەرئەوەی بەشێکیان حوکمەکەیان پلەی کۆتایی وەرنەگرتوە، یان مەرسومی کۆماریان بۆ دەرنەکراوە تاوەکو لەسێدارە بدرێن”.
وتەبێژەکەی وەزارەتی داد راشیگەیاند: هەر حوکمێک پلەی کۆتایی وەرگرتبێتو مەرسومی کۆماریی بۆ دەرچوبێت جێبەجێ دەکرێت، بەڵام ئەو کەسانە نزیکەی لە90%یان مەرسومی کۆماریان بۆدەرنەچووە یان حوکمەکەیان پلەی کۆتایی وەرنەگرتووە، بەوپێیەی بەشێکیان کەموکوڕی لەکاغەزی لێکۆڵینەوەکانیاندا هەیە یان تەمیز دەکرێنەوە و سزاکەیان هەڵدەپەسێردرێت.