سوپای پاسداران هۆشداری دەدات بە خەڵکی هەرێمی کوردستان

لڤین:

فەرماندەی هێزی زەمینی سوپای پاسدارانی ئێران داوا لە خەڵکی هەرێمی کوردستان دەکات لەو شوێنانە دووربکەونەوە کە حزبە رۆژهەڵاتیەکانی تێدان کە ئەو بە تیرۆرست ناوی بردوون.

میدیاکانی ئێران لە زاری محەمەد پاکپور،فەرماندەی هێزی زەمینی سوپای پاسداران بڵاویان کردەوە “چەندین ساڵە گروپە چەکدارەکان دژ بە کۆماری ئیسلامیی ئێران لە خاکی هەرێمی کوردستانی عێراقەوە هێرش دکەنە سەر ناوچە سنورییەکانی ئێران و بوونەتە مایەی تێکدانی ئەمنیەتی ئەو ناوچانە.”

ئاماژەی بەوەشکرد “لەو چوارچێوەیەدا بەرپرسانی عێراق و هەرێمی کوردستان لەو بارودۆخە ئاگادارکراونەتەوە و پەیامی خۆمان پێ داون.”

ئەو جەختی لەوەشکردووەتەوە “هەر کەمتەرخەمییەک لەو چوارچێوەیەدا پێچەوانەی پەیوەندیی باشی و دراوسێیەتی نێوان هەردوو وڵاتە.”

فەرماندەکەی سوپای پاسداران ئاماژەی بەوەشکردووە “بە لەبەرچاوگرتنی دۆخی ناوچەکە و ئەگەری وەڵامدانەوەی یەکلاکەرەوە، داوا لە دانیشتووانی ئەو ناوچانەی هەرێمی کوردستان دەکەین کە نزیکی بارەگای ئەو حزبانە نەکەونەوە بۆ ئەوەی زیانیان پێ نەگات.”

 

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button