لڤین:
رێكخراوی یەكێتی ژنانی كوردستان رەخنە لە مەراسیمی باڵاپۆشی لە هەڵەبجە دەگرێت و دەڵێت، ژنان بۆ پیشاندانی هێزو دەستكەوتی سیاسی خۆیان لەژێر ناوی پیرۆزی ئیسلامدا بەكارهێندراون.
لەدوای ئەو مەراسیمەی دوێنێ لە پارێزگای هەڵەبجە لەلایەن رێكخراوێكی یەكگرتووی ئیسلامی (گەشەپێدانی لاوان و قوتابیان) رێكخرابوو بۆ كچانی باڵا پۆ رێكخراوی یەكێتی ژنان لە راگەیەندراوێكدا دەڵێت: لەم هەرێمەدا لەلایەك ژنان دەكەنە بوكەڵەی دروستكراو و مۆدیل و نمایش پێكردنیان وەك كاڵایەكی بازرگانی، لەلایەكی ترەوە بەناوی ئاینی پیرۆزی ئیسلامەوە دەیانخەنە ناو ئەجێندای هەندێ پارت و گروپی سەر بەوڵاتانی دەرەوەی ناوچەكە و بەكارهێنانیان بۆ مەبەستی تایبەتی خویان.
رێكخراوەكە رەخنەی لە بەشێك لە كەناڵەكانی راگەیاندن گرتووە و بە “نا بەرپرس” ناوی هێناون بەهۆی ئەوەی بەشێك لە ژنان دكەنە “ڕیكلامی بازرگانی و یاریكردن بەجەستەیان”.
هاوكات رەخنەی بەبێ ئەوەی ناوی یەكگرتوو یان رێكخراوی گەشەپێدان بهێنێت كە مەراسیمەكەی ئامادەكردبوو رەخنەی توندیان لێدەگرێت و دەڵێت “وەك سوپایەك نمایشیان پێدەكەن بۆ پیشاندانی هێزو دەستكەوتی سیاسی خۆیان لەژێر ناوی پیرۆزی ئیسلامدا”.
ئەوەشی وتووە “بەتوندی هەردوو دیاردەكە رەت دەكەینەوە و داوا لەژنان دەكەین بەیەك هەڵوێست بێنە دەنگ و ببنە فشاری ڕاستەقینە لەسەر دەسەڵات و سەرجەم سەركردایەتی سیاسی هەرێمی كوردستان كە چیتر مافی ژن نەكەنە قوربانی هیچ پرسێكی سیاسی”.