چۆن لەو هەڵبژاردنە بڕوانین

هەڵبژاردن بۆ گۆڕینی روخسارەکانە لە هەرێمی کوردستان و عێراق نەک سیستەم، هەر بۆیەشە هەموان لەسەر روخسارەکان قسەدەکەن و قسەیان پێیە و پێیان وایە روخساری ئەوان بەدیلی روخسارەکانی دیکەیە چونکە ناتوانن و نەیانتوانیوە بەدیلی سیستەم پێشبخەن. ئەو خۆبینین و خۆزلبینینە زۆر تراجی-کۆمیکە -هەم جێی بەزەیی پێداهاتنەوەیە و هەمیش جێی پێکەنینە-. خۆبینینێک بێئەوەی هیچ دونیابینیی و ئاییندەبینییەکت پێبێ و هەبێ، تەنها لەبەرئەوەی ئەوانیدی خراپن، تۆ پێتوابێت بەدیلیت و باشیت.

٣٠ ساڵە یەکێتی و پارتی کردەئاکت دەکەن، ئێمەش لە چوارچێوەی سیاسەتی داڕێژراوی ئەوان ئەوان دێین و دەچین، رەخنەیان لێ دەگرین و گلەیییان لێ دەکەین. تا ئێستا نەمانتوانیوە بەجدی ململانێیان بکەین و لە دەرەوەی ئەوان و حکومەت و سیستەمە بۆگەن و بێئەخلاقەکەیان ئەلتەرناتیڤێک پێشبخەین.

یەکێتی و پارتی دو هێزی ماوە بەسەرچون\ئێکسپایەرن، بۆگەن و بێ هەر بەها و دونیابینی و ئاییندەبینییەکن. تا لە دەرەوەی ئەو دو هێزە بەدیل\ئەلتەرناتیڤێک پێشنەخرێت، ئێمە هەر لە دەوری ئەو روخسارە ناشیرین و مافیایییانە دەخولێینەوە لە خراپترین دۆخدا گلەیی دەکەین و لە باشترینیشدا رەخنەدەگرین، ئەگەر زۆر رادیکاڵ بین خۆپیشاندانێک ئەنجامدەدەین.

ئێمە -هەرکەسێک کە پێیوایە دونیابینی و بەهاکانی جیاوازن لە هی یەکێتی و پارتی و پاشکۆکانیان- تا لەوە تێنەگەین کە دەبێ لە دەرەوەی ئەو دو هێزە بەدوای چارەسەریی و بەدیلدا بگەڕێین، تا خۆشمان بۆ ئەو بەدیلە بەتەواوی ئامادەنەکەین و شەونخونیی زۆری بۆ نەکەین، ناتوانین یەکێتی و پارتی تێبپەڕێینین.

بەڵێ، هەڵبژاردن وەسیلەیەکی باشی گۆڕانکارییە، بەڵام ئەوە کردەیەکی یەکێتی و پارتی و ئەو سیستەمەیە کە ئێمە خۆمان هەڵدەخەڵێتێنین کە پێمانوابێ دەتوانین گۆڕانکاری لەڕێی هەڵبژاردنەوە دروستبکەین. گەورەترین مەترسی بۆ دروستبونی ئەو بەدیلە ئەو کەس و هێز و گروپانەن کە پێیانوایە هەڵبژاردن تاکە وەسیلەیە و بە هەڵبژاردن هەمو خەباتێک دەبڕنەوە. من ناڵێم هەڵبژاردنی پارلەمانیی عێراق هیچ گۆڕانکارییەک ناهێنێت، ناشڵێم بەشداریکردن باش نییە، نا، بەپێچەوانەوە بەشداریکردن بە باش دەزانم، بەڵام پێموانییە هیچ کەس و هیچ گروپێک ئەو بەدیلە بێت. بەداخەوە لە هیچ کەس و هیچ گروپێک توانای ئەوە نابینم کە لە ئاییندەشدا بتوانن ئەو بەدیلە بن.

ئەو چەند وشانەی من بۆ ئەوەیە بڵێم گۆڕانکاریی لەو هەڵبژاردنەش دروستنابێت، بەڵام بێگومان بەشداریکردن بە پێویست و گرنگ دەزانم. گرنگە هەرکەسێک بەشداریدەکات، زیاتر وەک وەسیلەیەکی زۆر لاوازی گۆڕانکارییەکی بچوک بیبینێت و هیچ چاوەڕوانییەکی گەورە، تەنانەت چاوەڕوانیی بچوکیشی لە بەربژێر و خودی هەڵبژاردنەکە نەبێت. وەک روداوێکی خێراگوزەر تەماشای بکات و بەس. ئەو گۆڕانکارییەی هەمومان چاوەڕێیدەکەین، شتێکی حەتمییە و دێت، بەڵام گرنگە بۆ ئەو رۆژە ئامادەبین تا ئەوکات هاووڵاتییانمان وەک ئێستا خۆزگە بە پێشتر نەخوازن!

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button