هاتووچۆ لە شەقامەکانی سلێمانی رێکدەخرێتەوە

لڤین:
قایمقامیەتی سلێمانی رایگەیاند، جموجوڵی ھاتووچۆ لە ناوشاری سلێمانی بەپێی پلانێکی نوێ رێکدەخرێتەوە و لە شەقام و رێگەو بانەکانی شارەکە رێگری لە زیادەڕۆیی و راوەستانی ئوتومبێل لە شوێنی قەدەغەکراو دەکرێت.
ئەمڕۆ پێنجشەممە قائیمقامیەتی سلێمانی راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا دەڵێت، پلانێکی نوێ بۆ رێکخستنەوەی جموجوڵی ھاتووچۆ لە نێو بازاڕو شەقام و رێگەوبانەکانی شارەکە دانراوە و بەپێی پلانە نوێیەکە تیمەکانی ھاتووچۆ بە ھەماھەنگی لەگەڵ ھێزەکانی پۆلیس و تیمەکانی شارەوانی و فەرمانگە پەیوەندیدارەکان کاردەکەن بۆ لابردنی ئەو ئاستەنگانەی کە لەسەر شەقامەکان بەھۆی راوەستانی ئوتومبێل بە شێوەی نایاسایی و زیادەڕۆییەکانەوە دروست دەبن.
ئاماژەی بەوەشکردووە، ئامانج لە گۆڕانکارییەکانیش رێکخستنی زیاتری سیستمی ھاتووچۆ و جموجوڵی ئوتومبێل و ھاتووچۆی ھاوڵاتیانە لە سەرجەم شەقام و رێگەوبانەکانی سلێمانی.