قوباد تاڵەبانی بۆ کاندیدەکانی هاوپەیمانێتی کوردستان: لەبەردەم تەحەددایەکی گەورەن

لڤین:

سەرۆکی هاوپەیمانی کوردستان لەگەڵ سەرجەم کاندیدانی لیستەکەیان کۆبووەوە و پێی راگە‌یاندن، بەجۆریک کار بکەن کە لە ئاستی چاوەڕوانی خەڵکدا بن.

قوباد تاڵەبانی ئەمڕۆ پێنج شەممە لە سلێمانی لەگەڵ سەرجەم کاندیدەکانی هاوپەیمانی کوردستان کۆبوونەوە و باس لە ئامادەکارییەکانی بانگەشەی هەڵبژاردن و ئەرکی سەرشانی کاندیدەکان کرا.

سەرۆکی لیستەکە بەکاندیدەکانی راگەیاند؛ لەبەردەم تەحەددایەکی گەورەن لەم قۆناغە و لە قۆناغی دوای هەڵمەتی هەڵبژاردنیش، خەڵکی کوردستان داوای خزمەتگوزاری و سەقامگیری و موچە و بودجە دەکەن کە ئەمانە داواکاری ڕەوان، بۆیە؛ دەبێت هەوڵی ئێمە لەسەر بنەمای ویستی خەڵک بێت و لە ئاستی چاوەڕوانییان بین.

ئاماژەی بەوەکرد “ئەم هاوپەیمانییەتییە هەوڵێکی جددیە بۆ بەدیهێنانی خەونی خوالێخۆشبووان مام جەلال و کاک نەوشیروان ئەو خەونەش ئامانجی گەورەی هەیە بۆیە دەبێت بیسەلمێنین”.

تاڵەبانی وتیشی ” دەبێت پێکەوە؛ یەکێتی و گۆڕان و کاندیدەکانی هاوپەیمانی کوردستان کار بۆ ئەوە بکەین کە زۆرترین کاندید بنێرینە بەغداد لە پێناو بەدی هێنانی ماف و خواستی هاوڵاتییان چونکە ئێمە دەتوانین لە بەغداد بەیەک دەنگی کار بۆ بەدیهێنانی ئەو داواکارییانە بکەین”.

فۆتۆکان: بڕیار نامیق

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button