جەمیل هەورامی: خوابکات پەت نەکەنە ملمان لە بری مەدالیای زێڕ

لڤین:

سەرۆكی كۆمەڵەی پێشمەرگە دێرینەكان، دەربارەی پشتگوێ خستنی پێشمەرگە دێرینەکان ڕەخنەی توند لە بەرپرسانی هەرێم دەگرێت  و دەڵێت: شەرمە بۆ سەرکردایەتی سیاسی کورد پێشمەرگەی دێرین هەبێت ماڵی نەبێت و پارەی بۆ کۆ بکرێتەوە، دەشڵێت: لە شاخ دەیانوت مەدالیای زێڕ دەکەینە ملیان، بەڵام ئێستا خوابکات پەت نەکەنە ملمان.

لەمیانی وتارێکدا لە کۆبونەوەی پێشمەرگە دێرینەکان کە ئەمڕۆ لە سلێمانی، بەڕێوەچوو جەمیل هەورامی، سەرۆكی كۆمەڵەی پێشمەرگە دێرینەكانی کوردستان، دەربارەی پشتگوێ خستنی ژیان و گوزەرانی پێشمەرگە دێرینەکان ڕەخنەی توندی لە بەرپرسانی هەرێمی کوردستان گرت.

لە بەشێکی وتارەکەیدا وتی: “لە شاری سلێمانی پێشمەرگەی دێرین هەبووە کە بەشداری شۆڕشی ئەیلولیشی کردووە لەناو مزگەوتدا مردوە واتا ماڵی نەبووە، پێشمەرگەمان هەبووە نوسەریشە لە خانوەکەیدا دەرکراوە و چووەتە مزگەوت و منداڵەکانیشی چوەتە ماڵی خەزوری، ئێمە پارەمان بۆ کۆکردوەتەوە و یارمەتیمان داوە و خانومان بۆ گرتووە، شەرم نیە بۆ سەرکردایەتی سیاسی کورد؟”.

جەمیل هەورامی، لە بەردەوامی وتارەکەیدا، وتی: جاران لە شاخ، دەیانوت پەیکەریان بۆ دەکەین و مەدالیای زێڕین دەکەینە ملیان، بەڵام خوابکات پەت نەکەنە ملمان لە بری مەدالیای زێڕ کێشەمان نیە، چونکە ئەوەی قسەی حەق بکات لای ئەوان قبوڵ کراو نیە.

سەرۆكی كۆمەڵەی پێشمەرگە دێرینەكان، وتیشی: “سوکایەتی بە پێشمەرگە دەکرێت و پێمان دەڵێن، رێوییەکانی شار و دزەکانی شار، ئەرێ قوفڵی نەوتەکە بەدەست ئێمەیە، ئەرێ ئیبراهیم خەلیل و پەروێزخان و باشماخ ئێمە پارەکەی وەردەگرین ئەو هەمو تانکەرە هیچ ئێمەیە، یەک کەس و حیزب لەسەرمان نایەتە وەڵام، بۆیە رادیۆیەکمان کردوەتەوە و بەناچاری تەلەفیزیۆنیش دەکەینەوە و ئیتر خۆمان بەرگری لە خۆمان دەکەین”.

جەمیل هەورامی، وتیشی: ئێستا وای لێهاتووە بۆ ڕێزلێنان لە پێشمەرگە دەبێت لۆبی بکەین.

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button