سیحری بەردەوام گەنجبوونەوەی سەرۆک

(١)
پێم سەیرە، هیچ دەزگایەکی راگەیاندن، تەنانەت رۆژنامەنووسێک یان پەیجێکی بێ دایک و باوکیش پۆستێکی فەیسبووکیان بڵاونەکردەوە، کە تێبینی ئەوەیان کردبێت سەرۆکی هەرێم نێچیرڤان بارزانی لە کاتی پێشوازی لە ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکی فەرەنسا لە فرۆکەخانەی ئەربیلی نێودەوڵەتی، زۆر قۆزتر و سەرنجراکێشتر( ماشائەڵای لێبێت) لە پێشتر دەرکەوت.
((ئەو وتارەم دونێ نووسی، بەمەبەست بۆ ئەوڕۆ دوامخست، ئەگەر هەر کەسێکی دیکە قسەی لەسەر ئەو بابەتەی کردبا، من بڵاوم نەدەکردەوە))
(٢)
ئەگەر بە دیقەتەوە سەیرکەن، دەبینن کە سەرۆک ماکرۆن سەرەڕای ئەوەی یازدە ساڵ لە نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێم بچوکترە، بەڵام لە ئەو پیرتر دیارە.
((لۆچ و چاڵەکانی نێوچەوان و دەموچاوی سەرۆک ماکڕۆن زۆرن))
(٣)
پێش هاتنی سەرۆک ماکرۆن قسە هەبوو، بەهۆی بۆنەیەکی خێزانی سەرۆکی هەرێم بە سەفەر لە ئەمەریکا بێت، چونکە ئێمە رۆژانە لە تەلەفزیۆن سەرۆک دەبینیین، بە ئاسانی هەست بە گۆڕانکاریەکانی شێوەی دەکەین، بە شارەزایی سەرەتایی خۆم لە بواری جوانکاری، تێبینی ئەوەم کرد لەو سەفەرەی هۆلیۆد سمایل بۆ ددانەکانی سەرۆک کراوە، پڕی روومەت و خڕ بوونی کولمیشی بەهۆی دانانی چەوری ژێر پێستە، پێکەنین و خەندە سەرنجراکێشەکەشی هی نەشتەرگەری دروستکردنی خەتی تکساسە.
(( نێچیرڤان بارزانی کەسێکی ئاسایی نیە، پەبلیک فیگەرە، دەبێت بە یاسا رێگە پێدراوبێت و، مافی ئەوەمان هەبێت قسە لەسەر ژیانی فیگەرەکان بکەین))
(٤)
ئەوانەی دەمناسن دەزانن من زۆر گرنگی بە شتە تایبەتیەکانی هیچکەس نادەم، بەڵام ئەوەی مێشکم سەرقاڵ دەکات و ناچارم دەکات بچمە ناو ژیانی تایبەتی سەرۆکی هەرێم نێچیرڤان بارزانی، ئەو غەدرە گەورەیە کە لە یاسای رۆژنامەگەری کوردستان لە رۆژنامەنووس کراوە.
((رەنگە بەهۆی خاڵی چوارەم لە برگەی یەکەمی مادەی نۆیەمی یاسای ژمارە سیوپێنج لە دادگا، رووبەڕووی ئەو پرسیارە بکرێمەوە کە بۆچی قسە لەسەر ژیان و شتە تایبەتیەکانی سەرۆک دەکەم))
(٥)
سەرۆکی هەرێم کە تەمەنی پەنجاو پێنج ساڵە، هێشتا وەکو گەنجێک دەردەکەوێت و، هەست بە گەنجی دەکات، باشە بۆچی رۆژنامەنووس مافی ئەوەی نەبێت بپرسێت ئایا هیچکات سەرۆک بیری لەوەکردیتەوە بۆچی لەو هەرێمە بەهەمان رێژەی گەنجبوونەوەی ئەو هەزاران کەس پێشوەختە پیر دەبن؟!
((دەزانم ئەو نووسینەم پێچەوانەی یاسای رۆژنامەگەری هەرێمە، بەڵام مرۆڤ مەخلوقێکی هەرەپاسە، هەندێک جار بە لادان لە یاساکان ئارام دەبیتەوە))
(٦)
پیاوێکی زۆر بەتەمەن (خودا عەفوی بکات ئێستا لە ژیان نەماوە) ساڵانێک لەمەوبەر لە مەجلیسێک باسی لە نەهامەتیەکانی ژیانی خۆی لە تەمەنی هەرزەکاری دەکرد، دەیگوت “ئێمە چوار برا بووین، تەنها یەک دەستە جلک و پێلاوی چاکمان هەبوو، ئەویش بەزۆری براگەورە لەبەری دەکرد، ئێمەش (سێ براکەی دیکە) بەردەوام رووت و پێخواس بووین، بەڵام چونکە لە برا گەورەی دەترساین، نەماندەوێرا هیچ برێین”، دەشیگوت “راستی براگەورە حەقی خۆشی بوو کە بەردەوام پۆشتە بیت، چونکە ئەگەر شەڕ با یان ئاشتی هەر برا گەورە دەچووە مەیدانێ!”.
(( ئێمەش زیاتر لە بیست ساڵە هەر نێچیرڤان بارزانی دەکەینە واجیهە، شەڕ بێت یان ئاشتی هەر ئەو دەنێرینە مەیدانێ، حەقی خۆیەتی بەردەوام پۆشتە و قۆز بێت، بەڵام دەبی ئێمەش مافی ئەوەمان هەبێت قسە لەسەر سیحری بە گەنجی مانەوەی بکەین))
