ئاوی خواردنەوە و نرخی نان و دابەشکردنی نەوت حکومەت کۆدەکاتەوە

لڤین:
ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە و دابینکردنی نەوتی سپی بۆ هاوڵاتییان و کێشەی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت و چەند پرسێکی دیکە تاوتوێ دەکات.
فەرمانەی میدیا و زانیاری رایگەیاند، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ چوارشەممە 1/9/2021 ، کۆبوونەوەی هەفتانەی خۆی بە سەرۆکایەتیی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەت و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەت ئەنجام دەدات.
بە گورەی راگەیەندراوی فەرمانگەکە لە کۆبوونەوەکەدا چوار تەوەرەی سەرەکی گفتوگۆ دەکرێن کە پێکهاتوون لە:
یەکەم: خستنەڕووی پوختەی دەرەنجامی سەردان و کۆبوونەوەکانی بەڕێز ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکی فەڕەنسا بۆ هەرێمی کوردستان. هەروەها خستنەڕووی پوختەی دەرەنجامی بەشداریکردنی شاندی هەرێمی کوردستان لە دوا گەڕی دایەلۆگی ستراتیجی نێوان کۆماری عێراق و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کە لە ڕۆژانی 22 بۆ 28ی تەمموزی 2021 لە واشتنتن دی سی بەڕێوەچوو.
دووەم: خستنەڕووی هەنگاوەکانی هەردوو وەزارەتی سامانە سروشتییەکان و دارایی و ئابوری و سەرۆکایەتی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران بۆ جێبەجێکردنی بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران بۆ دابینکردنی نەوتی سپی بۆ هاوڵاتییان و کێشەی بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین.
سێیەم: خستنەڕووی دەرەنجامی کۆبوونەوەی بەڕێزان وەزیرە پەیوەندیدارەکان و پارێزگار و سەرپەرشتیارانی ئیدارە سەربەخۆکان لە سەرۆکایەتی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران لە رێکەوتی 2021/8/29 سەبارەت بە چارەسەرکردنی کێشەی فڕن و نانەواخانەکان و گرانبوونی نرخی نان و سەمون و ئاسانکاری و پشتیوانیی وەزارەتە پەیوەندیدارەکان لەم بوارەدا.
چوارەم: خستنەڕووی هەنگاوەکانی هەردوو وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار و کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو و سەرۆکایەتی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران بۆ روبەڕوبوونەوەی کێشەی دابینکردنی ئاوی پاک بۆ هاوڵاتییان.