٣١ی ئاب لە ٣١چرکەدا

ئامادەکردنی: ئیبراهیم شێخ وەسانی

« قسە هەبوو پارتی و بەعس پێکهاتبن، دەگوترا  لە نزیک گوندی کانی قرژاڵەی رێگای موسڵ بەیەکەوە هێرشیان کردیتە سەر هێزەکانی یەکێتی، بەڵام زۆربەی خەڵکی شار باوەڕی نەدەکرد پارتی و بەعس ئیتیفاقیان کردبێت، ئەو قسانەیان بە پروپاگەندەی حیزبی دەزانی، بەگشتی هەولێریەکان دژی شەڕ بوون و، بێلایەن بوون، بۆیە زۆر ترسیان لە هاتنەوەی پارتی نەبوو، ترسی خەلک لە ماڵوێرانی و رووداوە جەرگبڕەکانی شەڕ بوو.

چونکە گەڕەکەکەى ئێمە لە باکوری شار هەڵکەوتووە، تاڕادەیەک هەستمان بەئارامی دەکرد، واماندەزانی تانکەکانى بەعس ئەگەر بەشداری ئەو شەڕەش بکەن لە باشوری شارەوە هێرش دەکەن، گەورەکان پێیان گوتبووین “کاتێک دوژمن هات خۆتان لە چیایەکان حەشاردەن، تەنها چیاکان پشتیوانمانن” کەچی لەپڕ دوژمن لە غافلەتیدا لە باکورەوە (لە نزیک چیاکانەوە) بەرەو هەولێر هات، هاتنى تانکەکانى سەدام بۆ ناو هەولێر لە راستى نەدەچوو، بەڵکو لە خەونێکى ئیبلیسى زۆرناخۆش، بەڵێ لە ٣١ی ئاب تانکەکانى دوژمن بەپێچەوانەى هەموو عورفێکى جەنگ بە چاوساغى شۆڕشگێرەكان هاتنە ناو شارو، تاڵانیان کرد.

ئەم وێنەیە کە بەزوومى چاوەکانم شازدە ساڵ لەمەوبەر گیراوە، لە هاردى مێشکم سەیڤ بووە، ئێستاى لە ئەوکات نوێترە، وێنەیەکی جیاوازە، باوەڕناکەم هیچ کات بتوانم ڕەشى بکەمەوە، ئەگەر رەشیشى بکەمەوە وەک ڤایرۆسێک  خۆى خۆى کۆپى دەکاتەوە، بەڵێ  ڕەنگە ڤایرۆس بێت نەک وێنە، ڤایرۆسى ٣١یئاب.

سی و یەکی ئاب بۆ من بریتیە لە دابران لەخویندن و، دەست پێکردنى سەردەمێکى خەراپتر لەوەى کە هەبوو، هەروەها لە سی و یەکی ئابدا مامۆستاو هاوڕێیەکى زۆر خۆشەویستم لەدەستدا ،کە ئەندامێکى ئەو خانەوادەیەبوو کە پاڵەوانى سەرەکى ئەم راپۆرتەی خوارەوەن، ئەوەى نوسراوە، رووداوێکى راستەقینەیە کە بە بۆمبى تانکەکانى سەدام ڕوویدا، بێگومان ئەگەر ئەوکات راگەیاندنى ئازاد هەبوایە، دەکرا یەکێکى تر لەجێگاى من و، لەکاتى خۆى ئەم ڕاپۆرتە ئامادە بکات و بڵاوى بکاتەوە…»

کاتژمێر پێنج و چاریک بەکاتى هاوینە، ٣١ی ئاب ١٩٩٦، گەڕەکى دەواجن، باکورى خۆرهەلاتى شاری هەولێر، دە خولەک دواى هاتنى هیزەکانى  پارتى و بەعس بۆ ناو شارى هەولێر.

لاشەی شەش کەسى خانەوادەیەک بەکوژراوى لەبەر دەرگەى ماڵەوەیان کەوتوون، تەرمەکان شێوەیەكی نیمچە بازنەیان پێکهێناوە، وەک ئەوەى پێش رووداوەکە بۆ خوانى نان خوارن دانیشتبن، بەڵام خوێن و باروت رەنگى قوربانیەکانی بەتەواوى گۆڕیوە.

گولەى تانکەکە لە دوورى دوومەتر و نیو لە ئەوان بەر جادەکە کەوتووە، چاڵێکى گەورەى بەقولایى چلسانتیمەتر دروست کردوە.

بەشێک لە خەڵکى گەڕەگ کە هەوادارى پارتین، دەڵێن ” تەقە لەسەر بانى یەکێک لەماڵەکانى ئەم کۆڵانە کراوە، بۆیە ئەم گەرەکە لەلایەن تانکەکان تۆپباران کرا”، بەڵام کەس گومانى لەجۆرى بۆمبەکە نیە کەهى تانکەکانى بەعسە، چونکە شەڕکەرە کوردەکان ئەم جۆرە چەکەیان نیە.

شەش قوربانیەكە خانەوادەى فەرمانبەر سەعید عەبدولقادرن، لەتەنیشت تەرمى خیزانەکەى سەعید، دۆلکەیەکى شینى لە بلاستیک دروستراو بەنیوە شکاوى کەوتوە، کە تا ئەوساتەش کەمێک سەهۆل و ئاوى تیدا ماوە، بەڵام ڕەنگى ئاوەکە بەهۆى خوێن و، تۆز و باروت واتێکچووە کە ناتوانرێت بەئاسانی رەنگەکەی دیاریبکرێت.

یەکێک لە ئەندامانى ئەم خانەوادەیە کچێکى عازەبە، دوو مەتر لە دوورى ئەوان لە ناوەراستى کۆلانەکە کەوتووە، بەپێچەوانەى تەرمەکانى تر،  خوێنى لەبەر دەڕوا، یەکێک لە شایەدحاڵەکان گوتى”چەن چرکەکەیەک لەدواى رووداوەکە ئەو کچە هەستاوە ، دواى رۆیشتى چەند هەنگاوێک دووبارە بەربوەوە سەر زەوی “، پیرەژنیکى کووڕ کە دایکى سەعیدە، بە شین و ڕۆڕۆ بەسەر تەرمەکان دێت و دەچێت، دەلێت ” چوومە ژوورەوە نوێژى عەسر بکەم ……”.

شیرنى پێنج ساڵان چارۆگەى داپیرەی گرتوە، بەهۆى شیوەنى داپیرەى ئەویش دەگرى، بەڵام بەسیمایەوە دیارە کە لە قەبارەى ئەم کارەساتە تێناگات کە بەسەر خانەوادەکەى هاتوە.

خدر کە دوو سال لە خوشەکەکەى گەورەترە، ئەو و خوشکەکەی شیرن تەنها دوو کەسى بنەماڵەى سەعیدن کە لەم رووداوە رزگاریان بووە، یەکێک لە دراوسێکانىان گوتى ” ئەویش لەکاتى رووداوەکە لەگەڵ داپیرەیی و خوشکەکەی شیرن لە ژوورەوە بووە، بەڵام بەهۆى ساچمەیەکى وێل  چاوى چەپەى لەدەستداوە، ئێستاش بردراوە بۆلاى برین پێچێکى گەرەک “.

گەنجێکى دوکاندار کەچەند خولەکێک پێش ئەم ڕووداوە لەناو شار گەرابوەوە، دەیگوت”دەگوترێت هێزەکانى پارتى بەهاوکارى تۆب و دەبابەکانى بەعس، لەهەر چوار دەروازەی سەرەکی هەولێر هاتینە ناوشار، بۆیە بەشێک لە هێزەکانى یەکێتى لە گەڕەکى باداوەى باشوری خۆرهەلاتی شار گیریان خواردوە، باس لە گیرانی هێرۆ خان و کوژرانى چەند بەرپرسیکى باڵاى یەکێتیش دەکرێت….”

دەنگی گریان لە هەموو لایەکی کۆڵانەکە دێت، ژمارەى قوربانیەکانى زیاتر لە بیست کەسە، کە چواردەیان یەكسەر گیانیان لەدەستداوە.

دایکێک ساچمەیەكی بەلاى چەپى سینگى کەوتوە، دوای چەند خولەکێک گیانى لەدەستدا، منداڵە شیرە خۆرەکەى لەکاتى ڕووداوەكەدا لەباوەش بووە، زیڕەى گرتوە، ئەتمۆسفەرى ئەم ناوەى تراژیدیتر کردوە.

بەقسەى یەکێک لە دراوسێیەکان کە کاتى رووداوەکە ئەویش لەبەر دەرگا بووە، بەشێک لە ماڵەکانى گەڕەک لەترسى تۆمەتبارکردنیان بە جەلالی، چەند خولەکێک پیش ئەم رووداوە هاتنە بەر دەرگا، ئەو دراوسێیە کە ساچمەیەک دەستى راستى بریندارکردبوو، بە پەڕۆیەکى سپى پێچایتی و دەڵێ  “مالى کاک سەعید  دواى هەموان هاتنە بەردەرگا”.

بەدریە ئافرەتێکى کریستیانى ئەو گەرەکەیە، بەگریانەوە قسەکانى ئەو درواسێیەى پشت راست دەکاتەوە دەڵێ “بەهۆى تەقەوە، تەواوى خەڵکى گەرەک لە ژوورەوە بوون، بەڵام چەکدارەکانى پارتى کە هاتنە ناو گەڕەک خەڵکیان ناچار کرد بێنە دەروە”.

بەشێک لە ماڵەکانى گەڕەگ، کە لەلایەن یەکێتیەوە بەهۆى هەواداریان بۆ پارتى ئازاردرا بوون، پێش روودانى ئەم ڕووداوە، بە هیواى ئەو ڕۆژە بوون کە پارتی بگەڕێتەوە هەولێر، بەڵام لە چەند چرکەیەکدا شیوەن و گریان  ئەوانیشى داگرت.

تەرمی یەکێک لە قوربانیەکان کچێکى حەڤدە ساڵیە، چەند مەتریک لەخوار ماڵى سەعید لەبەر دەرگاى ماڵەوەیان تەنهایە، دەگوترێت ئەندامى یەکیەتى قوتابیانی نزیك لە پارتی دیموكراتی كوردستان بووە، جلە زەردە کوردیەكەی و پەرۆ  زەردەکانى دەستى بەخوێن سور بووینە، دەگوترێت لە خۆشحالى هاتنەوەى پارتى پێش هەموو خەڵکی گەرەک هاتیتە بەردەرگا.

لە هەرێمێكدا کە ماوەى سێ سالە لەنێوان دوو حیزبى چەکدار لەسەر پارەى گومرگەکان شەڕێکى خویناوى هەیە، ژیان و گوزەرانی هاوڵاتیانی سەخت کردووە، تاکە ئاواتى سەعید بەردەوامى منداڵەکانى بوو لە خوێندن، رزگار کورە گەورەى سەعید، قوتابى بەشى فیزیای کۆلێژى زانست بوو، بەهۆى هەژارى ماوەى دووسالە لەگەڵ رێبواری برای بەنۆرە خوێندنیان دوادەخەن بۆ ئەوەى خوشک برا بچوکەکانیان لە خوێندن دانەبڕێن، ئەم ساڵ رزگار خوێندنى كۆلێژی بۆ ساڵى داهاتوو دواخستبوو، لە دوکانێکی بچوکی رونگۆرى ئۆتۆمۆبێل کاری دەکرد، پێدەچێت چەند خولەکێک پێش رووداوەکە گەڕابێتەوە ماڵەوە ، کراس و بانتۆلە بەڕۆنە خوێناویەکەی ژمارەیەکى زۆر کونیان تێدایە، هەندێک لە کونەکان هی جلەکانى کارن، بەشێکیش بەهۆى ساچمەکانەوە کون بوون، بەسەیرکردنێکی ئاسایی ناتوانرێت جۆرى کونەکان لەیەکتر جیابکرێنەوە.

دوای نوێژی مەغریب تەرمەکانى مالى سەعید لەلایەن خەڵکی گەڕەک بۆ مزگەوت گواسترانەوە، چەند چەکداریکی پارتی تەقەى هەوایان بەسەر خەڵکەکە کرد، ناچاریانکردن بۆ چەند خولەکێک تەرمەکان جێبهێلن، یەکێک لە جەنازە هەڵگرەکان دواتر گووتی ” بەشێک لە چەکدارە تەقەکەرەکان جلى سەربازی عێراقیان لەبەربوو، بە زمانى عەربى قسەیان دە کرد، بەدواى عەرەبە شیعەکانى ئۆپۆزسیونی عێڕاقی بوون کە لەمزگەوتی گەڕەک خۆیان حەشاردابوو، دوای  گرتنی عەرەبە شیعەکان گەرەکەیان جێهێشت”.

بەهۆى بەردەوامی تەقە و قەدەغەی هاتووچۆ لە نیوان گەڕەکەکانى هەولێر نەتوانرا لە شەوی ٣١ی ئاب تەرمەکان بۆ گۆرستان بگوازرینەوە و بنێژرێن، تەواوى قوربانیەکان رۆژى دواتر بەخاک سپێردران، بەڵام پێچەوانەی عورف تەنها خانەوادەى سەعید بەتەنها و بێ قورئان خوێن لە مزگەوت جێهێلدران .

کچە کراس زەردە تەمەن حەڤدە ساڵیەکە و، خانەوادەى سەعید و، قوربانیەکانى ترى گەرەک، کە هەر یەکەیان خەونێکى جیاوازیان هەبوو، بۆ رۆژی دواتر بەخەونەکانیانەوە لە گۆڕستان.

*تێبینی/ ئەم بابەتە لە ٣١ی  ئابی ساڵی ٢٠١٢ لە گۆڤاری لڤین بڵاوکراوەتەوە

 



Notice: Undefined index: img in /home/new.lvinpress.com/public_html/wp-content/plugins/molongui-authorship/public/views/parts/html-author-box-avatar.php on line 4

Notice: Undefined index: show_social_web in /home/new.lvinpress.com/public_html/wp-content/plugins/molongui-authorship/public/views/parts/html-author-box-socialmedia.php on line 6

Notice: Undefined index: show_social_mail in /home/new.lvinpress.com/public_html/wp-content/plugins/molongui-authorship/public/views/parts/html-author-box-socialmedia.php on line 7

Notice: Undefined index: show_social_phone in /home/new.lvinpress.com/public_html/wp-content/plugins/molongui-authorship/public/views/parts/html-author-box-socialmedia.php on line 8

Notice: Undefined index: type in /home/new.lvinpress.com/public_html/wp-content/plugins/molongui-authorship/public/views/parts/html-author-box-name.php on line 20

Notice: Undefined index: type in /home/new.lvinpress.com/public_html/wp-content/plugins/molongui-authorship/public/views/parts/html-author-box-name.php on line 21

Notice: Undefined index: type in /home/new.lvinpress.com/public_html/wp-content/plugins/molongui-authorship/public/views/parts/html-author-box-name.php on line 22

Notice: Undefined index: bio in /home/new.lvinpress.com/public_html/wp-content/plugins/molongui-authorship/public/views/parts/html-author-box-bio.php on line 21

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button