دژەتیرۆر وەڵامی پەرلەمانتارێکی بزوتنەوەی گۆڕان دەداتەوە

لڤین:

بەڕێوەبەرایەتی گشتی دژەتیرۆر، بەرێزیان و سەرجەم ھاوڵاتیانی شاری سلێمانی خۆشەویست ئاگاداردەکەینەوە کە ئەم بابەتە ھیچ پەیوەندی بە ھێزی دژەتیرۆرەوە نەبوەو لەلایەن چەند کەسانێکی نابەرپرس ئەنجامدراوە.

پاش ئەوەی ئەمڕۆ ( دووشەممە، ٣٠ی ئابی ٢٠٢١ ) عەلی حەمە ساڵح پەرلەمانتاری کوردستان لە هەژماری فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیس بووک بابەتێکی بڵاو کردەوە و کە تێیدا بەدواداچونی بۆ هەندێ کێشەی زەوی و زار کردبوو لە شاری سلێمانی و ئەو شوێنانەی دەکەونە ماستەر پلانی ئەو شارە، یەکێک لەو کێشانەی کە بەدواداچونی بۆ کردوە زەوەکانی دژەتیرۆرە.

سەرلە ئێوارەی ئەمڕۆ بەڕێوەبەرایەتی گشتی دژەتیرۆر لە ڕاگەیەندراوێکدا وەڵامی ئەو ئەندام پەرلەمانەی دایەوە.

دەقی وەڵامەکە:

وەڵامێک لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی دژەتیرۆر بۆ پەرلەمانتارێکی بزوتنەوەی گۆڕان دەربارەی زەوییە داگیرکراوەکان

بەمەبەست بێت یاخوود بە ھەڵەداچون بێت لە نوسینێکدا پەرلەمانتارێکی بزوتنەوەی گۆڕان باس لەوەدەکات کە ھێزی دژەتیرۆر لە شاری سلێمانی بە نایاسایی زەوی داگیرکردوە،

وەک بەڕێوەبەرایەتی گشتی دژەتیرۆر بەرێزیان و سەرجەم ھاوڵاتیانی شاری سلێمانی خۆشەویست ئاگاداردەکەینەوە کە ئەم بابەتە ھیچ پەیوەندی بە ھێزی دژەتیرۆرەوە نەبوەو لەلایەن چەند کەسانێکی نابەرپرس ئەنجامدراوە کە پێگەو دەسەڵاتیان بۆ بەرژەوەندی تایبەتی خۆیان بەکارھێناوە بەناوی ھێزی دژەتیرۆرەوە مامەڵەیان بەوزەویانەوە کردوە.

وە پێشتریش ئێمە ئەم باسەمان خستۆتە ڕوو ، داواشمان لە لایەنی پەیوەندیدار کردوە بۆ بەدواداچوون لەوبارەیەوە .

دووبارە وەک بەرێوەبەرایەتی گشتی دژەتیرۆر داوا لەلایەنە پەیوەندیدارەکان دەکەین هەرچی زووە بەدواداچوونی وورد و لێکۆڵینەوەی جدی سەبارەت بەو پرسە و چەندین بابەتی هەستیاری گرنگی دیکە ئەنجام بدات کە ناوی دەزگاکەمان بەکارهێنراوە و ئەنجامەکەی بۆ کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان بخاتە ڕوو .

هاوکات داوا لە پەرلەمانتارەبەڕێزەکان و هەرلایەنێکی دیکە دەکەین بەرپرسیارانە مامەڵە بکەن و ناوی هێزەکانی دژەتیرۆر بۆ مەبەستی سیاسی و لێدان بەکارنەهێنن، بەپێچەوانەوە ڕێکاری یاسایی دەگرینەبەر

بەڕێوەبەرایەتی گشتی دژەتیرۆر

 

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button