قوباد تاڵەبانی پەیوەندی بە کارمەندەکەی هاتووچۆی گەرمیانەوە دەکات

لڤین:
جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران پەیوەندی بەو کارمەندەی هاتووچۆی گەرمیانەوە کردووە کە بەهۆی لێپێچینەوە لە سەرپێچیکارێک روبەروی دادگا کراوەتەوە.
دوای ئەوەی لەچەند رۆژی رابردوودا، کارمەندێکی هاتووچۆی گەرمیان لێپێچینەوە لە سەرپێچیکارێک دەکات و دواتر روبەروی دادگا دەکرێتەوە، قوباد تاڵەبانی پەیوەندی بە کارمەندەکەی هاتووچۆ دەکات و پشتیوانی خۆی بۆ دوپاتدەکاتەوە.
بە گوێرەی راگەیەندراوی ئیدارەی گەرمیان قوباد تاڵەبانی لەو پەیوەندیەدا “جەخت دەکاتەوە لەوەی، داکۆکیکاری سەرسەخت دەبێت بۆ بەدەستهێنانی مافەکانی ئەو کارمەندە و هەر کارمەندێک لەکاتی راپەڕاندنی ئەرکەکانی روبەری کێشە ببێتەوە”.
ئەوەشی ئاشکرا کردووە “سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان لەئێستادا بە ووردی چاودێری کەیسەکە دەکات و بەدڵنیاییەوە رێگە نادرێت کەیسەکە بە لاڕێدا ببرێت، تەنها بڕیاری دادگا یەکلایی کەرەوە دەبێت بۆ ئەو کەیسە.”
لەچەند رۆژی رابردوودا، کارمەندێکی هاتوچۆی گەرمیان بەناوی (ئەحمەد عادل) لەکاتی ئەرکدا و لێپێچینەوە لە هاوڵاتیەک کە سەرپێچی هاتووچۆی ئەنجامدابوو، روبەڕوی هەڕەشە دەبێتەوە و کەیسەکەی دەباتە بەردەم دادگا.
دواتر تۆمەتبار سکاڵای یاسایی لەسەر کارمەندەکەی هاتووچۆ تۆمار دەکات بە تۆمەتی خراپ بەکارهێنانی دەسەڵات لەکاتی راپەڕاندنی ئەرکدا، بەو تۆمەتەش کارمەندەکەی هاتوچوو لەلایەن دادگاوە داوادەکرێت و دواتر بە کەفالەت ئازاد دەکرێت.