سەرۆك ماکرۆن بۆ سەردان هەولێر دەکات ؟

ئەم ویکەندە ڕوداوێکی دیپلۆماسی گەورە لە عێراقدا بەڕێوەدەچێت و کۆنفرانسێکی جیهانی لە بەغداد لەسەر ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست سازدەدرێت و لەکات و شوێنی دیکەدا دەگەڕێمەوە سەر چۆنیەتی ئامادەکردنی ئەم کۆنفرانسە و دەرەنجامە چاوەڕوانکراوەکانی. ئەوەی لەم کورتە نوسینەمدا دەمەوێ بەخێرایی ئاماژەی پێبدەم، هۆکار و ماناکانی سەردنی سەرۆك ماکرۆنە بۆ هەرێمی کوردستان و لەم خاڵانەی خوارەوەدا کورتیاندەکەمەوە :
1. هەرێمی کوردستان پێگەیەکی ستراتیژی لە سیاسەتی ئیدارەی ئێستای ئێمانیول ماکرۆندا هەیە و بونی فەرەنسا لە کوردستان تەنها پەیوەندی بە سۆز و دۆستایەتیەوە نیە، بەڵکو پەیوەندی بەو ڕەهەندە ستراتیژیەوە هەیە.
2. پاش ئامادەیی هێزە سەربازیە ئەمەریکیەکان، ئامادەیی هێزی سەربازیی فەرەنسی لە کوردستاندا، هەم لە ڕوی چۆنایەتی و هەم لە ڕوی چەندایەتیەوە، لە پێشی پێشەوەی هەموو وڵاتانی دیکەوەیە.
3. خاکی هەرێمی کورستان ئەو ناوچەیەیە کە فەرەنسا بە کوردستانی سوریاوە دەبەستێتەوە وکۆی یارمەتیە سەربازی و دیپلۆماسی و ئابوریەکانی فەرەنسا بۆ کوردستانی سوریا بە هەرێمی کوردستاندا تێدەپەڕێت.
4. دۆسیەی تیرۆریزم و گەڕانەوەی داعش یەکێکە لە مۆتەکەکانی جمهوریەتی فەرەنسی و سەرۆك ماکرۆن پێیوایە کە کورد لە سوریا و عێراقدا شەریکی یەکەمی جەنگن دژ بە تیرۆریزمی داعش.
5. سەرۆك ماکرۆن سەر بەو نەوە دیپلۆماتکارە فەرەنسیانەیە کە باوەڕی تەواویان بەوەهەیە کە بیناکردنەوەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی نوێ بەبێ کورد سەرناگرێ و خەونبینین بە ڕۆژهەڵاتێکی ناوەڕاستی سەقامگیرەوە بەبێ چارەسەرکرنی کێشەی کورد و فەلەستین بە شێکە لە موستەحیل.
6. هێرشی تورکیا بۆ سەر باکوری هەرێمی کوردستان یەکێکی دیکەیە لەو مەلەفانەی کە دیپلۆماسیەتی فەرەنسی ڕوبەڕوی گومان و پرسیاری بەردەوامکردوەتەوە و فەرەنسا بەلایەوە زۆر گرنگە کە سنورێك بۆ تورکیا دابنرێت.
7. لەو دۆزەخەی کە لە عێراقدا تاودراوە، فەرەنسا پێیوایە کە هەرێمی کوردستان، سەرەڕای هەموو قەیرانەکانی، ئارامترین ناوچەیە بۆ ئەوەی لێیەوە کۆمپانیا فەرەنسیەکان کاری وەبەرهێنان بکەن و گەر پێویستبوو لەهەرێمەوە بەرەو ناوچەکانی دیکەی عێراق بڕۆن.
8. لە ساتەوەختی کاڵبونەوەی خوازراوی ڕۆڵی ئەمەریکی لە عێراقدا، سەرۆك ماکرۆن دەخوازێت کە جمهوریەتی فەرەنسی بەشێکی گرنگی ئەو بۆشاییە پڕبکاتەوە کە ئەمەریکیەکان لە عێراقدا بەجێی دەهێڵن و بۆ ئەمەش باشترین و نزیکترین پارتۆنێر هەرێمی کوردستانە کە فەرەنسا دەیەوێت گرەوی لەسەر بکات.
9. هەموو ئەم هۆکارانە وادەکەن کە سەرۆك ماکرۆن بەو پەڕی ڕێزەوە لە بەردەم مارشی ئەی ڕەقیب و ئاڵای کوردستاندا ڕابوەستێت و وەك سەرۆککۆماری یەکێك لە زلهێزەکانی جیهان سەردانی پایتەختی هەرێمی کوردستان بکات

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button