هەوڵی پێداچوونەوە و ڕێکخستنەوەی رسومات دەدرێت لە هەرێم

لڤین:

جێگری سەرۆک وەزیران، دەبێت وەرگرتنی رسومات بە شێوەیەک رێکبخرێتەوە کە یارمەتیدەری جوڵەی بازرگانی و بووژانەوەی بازاڕ بێت.

قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ ( چوارشەمە ٢٥ی ئابی ٢٠٢١ ) لە هەولێر كۆبونە‌وە‌یە‌كی لە‌بارە‌ی پێداچوونەوەی رسومات ئە‌نجامدا و لە کۆبوونەوەکەدا بڕیاردرا میکانیزمێكی گونجاوتر دیاری بكرێت بۆ رێکخستنەوەی رسومات.

بەپێی ڕاگەیەندراوی کۆبوونەوەکە، قوباد تاڵەبانی لە کۆبوونەوەکەدا جەختی کردوەتەوە كە‌ دەبێت وەرگرتنی رسومات بە شێوەیەک رێک بخرێتەوە کە نەبێتە هۆی سست بوونی جموجوڵی بازرگانی، بەڵکو بە پێچەوانەوە یارمەتیدەری جوڵەی بازرگانی و بووژانەوەی بازاڕبێت. باسی لەوەشکرد کە پێویستە لە دامودەزگاکانی حکومەت رۆتین کەم بکرێتەوە و کارئاسانی تەواو بۆ هاوڵاتیان بکرێت.

لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتوە، ھە‌ر لە کۆبوونەوەکەدا راپۆرتێك لەسەر میکانیزمی رێکخستنەوەی رسومات خرایە‌ڕوو و لەمبارەیەشەوە بڕیاری پێویست درا.

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button