برایەک لەسەر میرات خوشکەکەی کوشت

لڤین:

وتەبێژی پۆلیسی قەزای زاخۆ، لە ناحیە باتیفا لە سنووری قەزای زاخۆی سەر بە پارێزگای دهۆک برایەک خوشکە ٤٥ ساڵانەکەی بە چوار گوللـە دەکوژێت، رووداوەکە لەسەر کێشەیەکی کۆمەڵایەتی بووە و “پەیوەندیی بە میراتەوە” هەبووە.

ئەمڕۆ ( ٢٥ی ئابی ٢٠٢١ )، لە ناحیە باتیفا لە سنووری قەزای زاخۆ ژنێکی تەمەن ٤٥ ساڵ لەبەر دەرگەی ماڵەکەی خۆیدا دەکوژرێت، بە وتەی پۆلیسی قەزاکە چوار گوللـە بە جەستەی ئەو ژنەوە بووە.

سەبارەت بە وردەکاریی رووداوەکە و هۆکارەکەی، نەشهەت سەلمان، وتەبێژی پۆلیسی قەزای زاخۆ، بە میدیاکانی رایگەیاندوە،” لەلایەن بنکەی پۆلیسی باتیفا لە رووداوێکی کوشتن ئاگادارکراینەوە، دەستبەجێ ئەفسەر و تیمی لێکۆڵینەوەی تاوان چوونە شوێنی مەبەست، دەرکەوت ژنێکی تەمەن ٤٥ ساڵ کە خەڵکی ناحیەی باتیفایە کوژراوە، بەپێی لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان و وەرگرتنی گوتەی کەسوکاری ئەو ژنە لەسەر کێشەیەکی کۆمەڵایەتی لەلایەن براکەیەوە کوژراوە”.

لە بەشێکی تری لێدوانەکەیدا ئاماژەی بەوەداوە،” پێشتر ئەو ژنە سکاڵای لەسەر ئەو برایەی تۆمارکردووە لەسەر بابەتی میرات و مامەڵەی پارە و مووچە و ئەو بابەتانە”.

هەروەها ئاشکرای کردوە،” تەرمی ئەو ژنە رەوانەی پزیشکی دادی زاخۆ کراوە، پاشان رەوانەی پزیشکی دادی دهۆک دەکرێت بۆ ئەوەی پشکنینی زیاتر لەسەر تەرمەکەی بکرێت بۆ دەستنیشانکردنی راستی رووداوەکە و چۆنێتیی کوشتنەکەی. ئەوەی بۆ ئێمە دەرکەوتووە ئەوەیە کە ژنەکە بە چوار گوللـەی دەمانچە کوژراوە، گوللـەکان بە شوێنی جیا جیای سنگی کەوتووە، ئێمەش بە پشتبەستن بە راپۆرتی پزیشکی داد لە دهۆک لێکۆڵینەوەکانمان دەکەین”.

لە کۆتایی لێدوانەکەیدا نەشهەت سەلمان ئاماژە بەوەش دەدات هەر لەسەر ئەو کەیسە،” دادوەری لێکۆڵینەوە ئاگادارکراوەتەوە، فەرمانی دەستگیرکردن بۆ تۆمەتباری ئەو تاوانە دەرکراوە، چونکە لە دوای رووداوەکە رایکردووە و تاوەکو ئێستا خۆی رادەستی پۆلیس نەکردووە”.

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button