چوار كەس کە چاوی هاوڵاتیەکیان كوێر كردبوو دەستگیرکران

لڤین:

 بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی سلێمانی بڵاویکردەوە چوار تۆمەتباریان دەستگیركرد كە هێرشیان كردبووە سەر هاوڵاتییەك و لێیاندابوو و چاوێكیان كوێركردبوو.

پۆلیسی سلێمانی لە راگەیەندراوێکدا دەڵێت “پاش ئەوەی بنكەی پۆلیسی سەرا ئاگاداركرایەوە لە بونی ڕوداوێك لەنزیك باخی گشتی كە چوار تۆمەتبار هەڵیان كوتاوەتە سەر هاوڵاتییەكی تەمەن 35 و بەهەرچواریان لێیانداوەو بەرەو شوێنیكی نادیار هەڵاتبوون ، پۆلیس گەیشتە شوێنی ڕوداوەكە و بریندارەكە بۆ نەخۆشخانە گواسترایەوە”

ئاماژەی بەوە کردووە بە گوێرەی راپۆرتی پزیشکی  “دەركەوت بەهۆكاری لێدانەكە چاوێكی لەدەستداوە، لێكۆڵینەوە لەڕوداوەكەكراو بریندارەكە هیچ كام لە تۆمەتبارانی هەڵاتوی نەدەناسی”.

پۆلیس ئەوەی ئاشکرا کردووە کە دوای بڕیاری دادوەر “بەئەنجام گەیشتن لە لێكۆڵینەوەكان توانرا لەماوەیەكی كەمدا هەرچوار تۆمەتبارەكە بدۆزرێتەوەو دەستگیربكرێن”.

ئاشکراشیکردووە: لەئێستادا هەریەك لە تۆمەتباران (أ ، م ، م. ق،خ،خ. س،خ،ع. م،أ،س) بەبڕیاری دادوەر و بەپێی ماددەی 412 لەیاسای سزادانی عیراقی ڕاگیراون و لێكۆڵینەوە لەگەڵیان بەردەوامە . پۆلیس هیچ زانیارییەکیشی لە بارەی هۆکاری هێرشکردنەکەیان ئاشکرا نەکردووە.

 

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button