ئەو کەسەی کامێرای تیژڕەوی هاتووچۆی شێواندبوو دەستگیرکرا

لڤین:
ئاسایشی سلێمانی رایگەیاند کەسێک کە شۆفێری تەکسییە دەستگیرکراوە کە کامێرای چاودێری تیژڕەوی هاتووچۆی لە سلێمانی شێواندووە.
بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی سلێمانی، رایگەیاند: لەسەر ڕێنمایی و فەرمانی دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان و بەبڕیاری دادوەر، دواى ئەوەی چەند کامێرایەکی چاودێری هاتووچۆی سلێمانى شێوێندرا، توانی تۆمەتبارى ئەو تاوانە دەستگیر بکات و ڕوبەڕوى یاسای بکاتەوە.
ئاسایش لە راگەیەندراوێکدا دەڵێت: دواى ئەوەى زانیاریمان پێگەشت کە لە ڕۆژى ٤/٨/٢٠٢١ چەند کامێرایەکی جێگیرى
چاودێری هاتووچۆى سەر بە بەڕێوەبەرایەتى هاتوچۆی پارێزگاى سلێمانى لە شەقامى بازنەیی مەلیک مەحمود نزیک پردى کۆبانى بە بۆیاخ شێوێندراون، هێزەکانمان دەست بەجێ دەستیانکرد بە کۆکردنەوەی زانیارى و توانرا لە ڕۆژى٧/٨/٢٠٢١ تۆمەتبار ( ڕ ، ع ،ع ) لەدایکبوى ساڵى ١٩٩٧ پیشە شۆفێری تاکسی، دانیشتوی شاری سلێمانی دەستگیربکەن لەناوچەى پیشەسازى سلێمانى.
ئەوەشی ئاشکرا کردووە، تۆمەتبار دانى بە تاوانەکەیدا ناوە و هۆکارى ئەو کارەشى بۆ ئەوەگەڕاندۆتەوە کە چەندین جار سەرپێچى تیژڕەوى کردوە و وێنەی گیراوە، بەپێی ماددە (٢٤٠) لە یاسایى سزادان بە تۆمەتى شێواندنى مڵک و ماڵى میری ڕاگیراوە .