وەزیری شارەوانی: 600 ملیۆن دینار بۆ خزمەتگوزاری 8ی حەسارۆك تەرخانکراوە

لڤین:

وەزیری شارەوانی حکومەتی هەرێم رایگەیاند، لە ئەمڕۆوە پرۆسەی گەیاندنی خزمەتگوزاری بە گەڕەكی 8ی حەسارۆك دەستپێدەكات و تا ئێستا بڕی 600 ملیۆن دیناری بۆ تەرخانکراوە.

ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاری هەرێم لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند ” تا ئێستا بڕی 600 ملیۆن دینار و لە ئاییندەیەكی نزیكدا 300 ملیۆن دیناری دیكەش بۆ گەڕەکەکە خەرجدەکرێت”.

وەزیری شارەوانی وتیشی “شەقامی نێوان 5ی حەسارۆك و 8ی حەسارۆك دروستدەكرێت و ئەو هاوڵاتییانەی داخوازی دروستكردنی خانوویان لە گەڕەكی 8ی حەسارۆك هەیە، لە ئەمڕۆوە مۆڵەتەكانیان وەردەگیرێ و دەتوانن ئیشوكارەكانیان بكەن”.

عەونی، ئاشكرایكرد، لەهەر قۆناغێكدا كە پێویست بكات حكومەتی هەرێم بودجەی پێویست بۆ گەیاندنی خزمەتگوزاری باشتر و خێراتر دابین دەكات و ئەو بڕەپارەیەی ئێستاش بڕەپارەیەكی زۆر باشە و كارە سەرەتاییەكانی پێئەنجام دەدرێت.

لەماوەی 18 ساڵی ڕابردوودا 20 هەزار خاوەن زەوی لە 8ی حەسارۆک چاوەڕوانی وەڵامی حکومەت بوون، بۆ دەستپێکردنی هێنانی خزمەتگوزاری.

 

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button