ئاسایشی سلێمانی: لە لایەن پێشمەرگەکانەوە بەچەقۆ هێرش کراوتە سەر کارمەندەکانمان

لڤین:
ئاسایشی سلێمانی، لە بارەی ڕووداوەکەی ئەمڕۆی بازگەی تاسڵوجەوە ڕایگەیاند، لێکتێنەگەیشتنێک ڕوویداوە و لەئەنجامدا بۆتە دەمەقاڵێ و شەڕ و لەلایەن پێشمەرگەکانەوە بەچەقۆ هێرش کراوتە سەر کارمەندەکانمان و لەئەنجامدا ئاسایشێک شەهید و پێنجیش برینداربوون.
کەمێک پێش ئێستا بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی پارێزگای سلێمانی، لە بارەی ڕووداوی شەڕەکەی ئەمڕۆی نێوان هێزە کۆماندۆکەی پێشمەرگە و کارمەندانی ئاسایشی بازگەی تاسڵوجە ڕونکردنەوەیەکی بڵاو کردەوە.
ئەمە دەقی ڕونکردنەوەکەیە:
سەر لەبەیانی ئەمڕۆ (10/2/2021) کاتژمێر (10:30)ی سەر لەبەیانی لەبازگەی تاسڵوجەی سەر بە بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی پارێزگای سلێمانی لەکاتی تیپەڕبوونی ئۆتۆمبێلێکی سەر بە هێزەکانی پێشمەرگە لە نێوان پێشمەرگەکان و کارمەندانی بازگەکە لێکتێنەگەیشتنێک ڕوویداوە، لەئەنجامدا بووەتە دەمەقاڵێ و شەڕ، لەلایەن پێشمەرگەکانەوە بەچەقۆ هێرش کراوتە سەر چەند کارمەندێکی ئاسایش و بریندار کراون، بەداخەوە (عەریف/ شاخەوان ئەحمەد مەحمود) کارمەندانی ئاسایشی بازگەی تاسڵوجە بەهۆی سەختی برینەکەی شەهید بوو و پێنچ کارمەندی دیکە بریندار بوون، دوای دروست بوونی کێشەکە توانرا بەهەوڵ و هیمەتی هەموو لایەک ئاڵۆزییەکان کۆتایی پێ بەهێنرێت و دەست بەجێ لیژنەی لێکۆڵینەوە پێکهێنرا بۆ ئەوەی یاسا بەرقەرار بێت.
هەردوو لایەنی هۆکاری دروستبوونی کێشەکە بە فەرمانی بەڕێز دادوەر ڕاگیراون، لێرەوە پرسە و سەرەخۆشی خۆمان بۆ گیانی پاکی ئەو هاوڕێیەمان ڕادەگەینین و خوازیارین دوا کۆستیان بێت.
بەشی ڕاگەیاندن و پەیوەندیییەکان
بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی پارێزگای سلێمانی