وەڵامێک لە جوڵانەوەی نەوەی نوێ بۆ سەرۆکی پارتی و بەرپرسانی هەرێم

لڤین:

جوڵانەوەی نەوەی نوێ، هەرێم و ئەفغانستان لەوەدا لە یەک دەچن کە ئەگەر مەترسی لەسەر وڵاتەکەیان دروست بێت، ئەوا هێزە چەکدارەکان بەرپرسەکانیان ناپارێزن.

پاس ئەوەی ئەمڕۆ ( یەک شەممە، ٢٢ی ئایاری ٢٠٢١ ) مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان لە بارەی رووداوەکانی ئەفغانستان پەیامێکی بڵاوکردەوە و تیایدا ڕایگەیاند،” دەمەوێت خەڵكی كوردستان لەوە دڵنیا بكەمەوە كە دۆخی كوردستان جیاوازییەكی زۆری هەیە لەگەڵ هەموو شوێنەكانی تر”.

لێرە پەیامەکەی بارزانی بخوێنەوە

جوڵانەوەی نەوی نوێ وەک وەڵامێک بۆ پەیامەکەی بارزانی ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە، تێیدا هاتوە،” هەرێم و ئەفغانستان لەوەدا لە یەک دەچن کە ئەگەر مەترسی لەسەر وڵاتەکەیان دروست بێت، ئەوا هێزە چەکدارەکان بەرپرسەکانیان ناپارێزن”.

دەقی وەڵامەکە:

“وەڵامێک لە جوڵانەوەی نەوەی نوێ بۆ سەرۆکی پارتی و بەرپرسانی هەرێم”

ماوەی چەند رۆژێکە بەراوردێک لای بەشێک لە هاوڵاتییانی هەرێم و هەروەها بەشێک لە بەرپرسانی هەرێم دروست بووە، کە زۆرێک دۆخی هەرێم دەشوبهێنن بە دۆخی ئەفغانستان، وە هەندێکیش پێیان وایە دۆخەکە جیاوازە و ناکرێت ئەم بەراوردە بکرێت.

بەڵام پێویستە لایەنەکانی دەسەڵات ئەو پرسیارە لە خۆیان بکەن کە ئاخۆ لەچیدا دۆخی ئەفغانستان و هەرێم لە یەک دەچن؟

بابەتی ئەم بەراوردە ئەوە نیە هێزی پێشمەرگە شەڕ ناکات، وە بابەتەکە ئەوە نییە کە ئاخۆ هێزەکانی پێشمەرگە لە سوپای ئەفغانیی دەچێت یان نا!

بەڵکو بابەتەکە ئەوەیە چ سوپای ئەفغانستان و چ هێزەکانی پێشمەرگە لە هەرێم لە گوزەرانێکی خراپدا ژیاون و دەژین.

هەردووکیان پێیانوایە پێویست ناکات شەڕ بکەن بۆ ئەو بەرپرسانەی کە ژیانیان لە لوتکەی خۆشگوزەرانیدایە، لەکاتێکدا ئەمان تەنانەت مووچەکەشیان پێنادرێت.

هەمومان دەزانین کە پێشمەرگە و تەواوی هێزە ئەمنییەکان و هێزە چەکدارەکانی هەرێم مووچە لە کاتی خۆیدا وەرناگرن، وە ئەگەر موچەیشیان بدرێتێ ئەوا موچەکەیان زۆر کەمە، کاتێکیش پێشمەرگەیەک لە پێناو خاکەکەیدا شەهید دەبێت، ئەوا کەس ئاوڕ ناداتەوە لە خێزان و کەسوکارەکەی و ژیانیان بۆ مسۆگەر ناکەن. هەرچەندە خۆیان ماندوو دەکەن و گیانیان فیدا دەکەن، لەبەرامبەردا بەرپرسانی وڵات دەوڵەمەندتر دەبن و کۆشک و تەلار و باخەکانیان فراوانتر دەبن.

بۆیە هەرێم و ئەفغانستان لەوەدا لە یەک دەچن کە ئەگەر مەترسی لەسەر وڵاتەکەیان دروست بێت، ئەوا هێزە چەکدارەکان بەرپرسەکانیان ناپارێزن.

هەروەها هێزە چەکدارەکان کاتێک وڵاتەکەیان دەپارێزن کە هەست بکەن وڵات وڵاتی ئەمان و بەرپرسەکانیشیانە بە یەکسانی، نەک بۆ بەرپرسەکانیان بەهەشت بێت و بۆ ئەمان وێرانە.

ئەگەر دەتانەوێت مەترسیی لەسەر کوردستان نەهێڵن، ئەوا خزمەتی خەڵک بکەن، خزمەتی پێشمەرگە بکەن، جیاوازیی لە نێوان ژیانی خۆتان و ئەواندا کەم بکەنەوە. ئینتیما لە لای تاک و هێزە چەکدارەکان بۆ نیشتیمان بەهێزتر و پتەوتر بکەن، رێزی دیموکراسی و هەڵبژاردن بگرن، رێزی میدیای ئازاد، هەروەها ئازادیی رادەربڕین، فرەڕەنگی و فرەڕای جیاواز بگرن. رێز لە ئۆپۆزسیۆن و دەنگە جیاوازەکان بگرن، کوردستان بکەن بە نیشتیمانی هەمووان، نەک تەنها نیشتیمانی چەند بەرپرسێک بێت، یان نیشتیمانی چەند لایەنێک بێت.

بە رای نەوەی نوێ ئەمە چارەسەرە، وە بەجێبەجێکردنی ئەم خاڵانە وڵات ترسی نابێت و هەمووان دەیپارێزن لە کاتی بوونی مەترسییدا.

وە هەموان هەرێمەکەیان بە وڵاتی خۆیانی دەزانن و خێروبەرەکەتەکەشی بە خێروبەرەکەتی خۆیان دەزانن.

جوڵانەوەی نەوەی نوێ ٢٠٢١/٨/٢٢

 

 

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button