بافڵ تاڵەبانی: یەکێتی کارئاسانی و ئامادەکاری دەربڕیوە بۆ رێکخستنەوەی پێشمەرگە

لڤین:   

ھاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان رایگەیاند، یەکێتی هەموو کارئاسانی و ئامادەکارییەکی دەربڕیووە بۆ یەکگرتنەوە و رێکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە.

بافڵ تاڵەبانی، لە دەباشان پێشوازی لە کۆڵۆنێڵ سویک، فەرماندەی هێزەکانی ئەڵمانیا لە هەرێمی کوردستان و وەفدێکی سەربازی یاوەری کرد و رایگەیاند “دەبێت هەموو هەنگاوێک بە ئاڕاستەی بونیادنانی ھێزێک بنرێت کە لەئاست بەھێزی قەوارەی ھەرێم و بەرژەوەندییە باڵاکانی گەلەکەمان بێت”.

لە کۆبوونەوەکەدا کە ژمارەیەک بەرپرسی یەکێتی تیایدا بەشداربوون، گفتوگۆ لەبارەی پێشھات و پەرەسەندنە سیاسی، سەربازییەکان و ھەنگاوەکانی یەکگرتنەوە و رێکخستنەوەی ھێزی پێشمەرگە و فراوانکردنی ھاریکاری و ھەماھەنگییەکان بۆ روبەڕوبوونەوەی پاشماوەکانی داعش کرا.

بە گوێرەی راگەیەندراوی کۆبونەوەکە تاڵەبانی گرنگی پتەوکردنی ھەماھەنگی سەربازی نێوان ھەردوولای بەتایبەت لەبواری پڕچەککردن و راھێنان و پەرەپێدانی توانا سەربازییەکان بەپێویست زانی لەچوارچێوەی ھەوڵە نێودەوڵەتییەکان بۆ روبەڕوبوونەوەی تیرۆر و پاراستنی ئارامی و ئاسایش لەناوچەکە.

سوپاسی ھێزەکانی ئەڵمانیای کرد کە ھاوکار و پشتیوانی بەردەوامی پێشمەرگە بوون و ھاوسەرۆکی یەکێتی ئاماژەی بە پێویستی رێکخستنەوەی یەکە سەربازییەکان کرد لەسەر بنەمای زانستی سەربازی سەردەم و بۆ ئەوەش وتی “یەکێتی ھەموو کارئاسانی و ئامادەکارییەکی دەربڕیووە”.

بافڵ تاڵەبانی دووپاتی لەھەماھەنگی زیاتر لەنێوان ھێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراق و ھێزەکانی ھاوپەیمانان کردەوە بۆ بەرقەراکردنی ئاسایشی ئەو سنورانە و راشیگەیاند “لەماوەی رابردوو شکستپێھێنانی چەندین پیلانی تیرۆریستانی داعش بۆ تێکدانی ئارامی ھەرێم لەلایەن ھێزەکانی دەزگای ئاسایشی ھەرێم و دژەتیرۆرەوە ئەوەمان پێدەڵێت هێشتا مەترسییەکان ماون”.

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button