نوێترین زانیاری له‌بارەی هاتنی بەنزین بۆ هەرێم و دابەزینی نرخەکەی

لڤین:

جێگری سه‌رۆك و بڕیارده‌ری لیژنه‌ی سامانه‌ سرووشتییه‌كان له‌ په‌رله‌مانی كوردستان، چاوه‌ڕوانین سبه‌ینێ كه‌ ( ٢٣ی ئاب )ـه‌ نرخی به‌نزین له‌ سه‌رجه‌م به‌نزینخانه‌كانی هه‌رێم بۆ ( ٦٥٠ ) دینار دابه‌زێت.

کەمال ئەتروشی، وەزیری سامانە سروشتییەکانی هه‌رێم، لە لێدوانێکیدا بۆ میدیاکانی پارتی ڕایگەیاندبو،”  لە 23ی ئابەوە یەک ملیۆن لیتر بەنزین لە بەغداوە دێت، ئەمەش وادەکات کوالێتیی بەنزینەکەمان باش ببێت و نرخەکەشی دەبێت بە 650 دینار بە کوالێتییەکی باش و لە هەموو کوردستان بەو نرخە دەبێت”.

سەبارەت بە هەرزان بونی نرخی بەنزین و لێدوانەکەی وەزیری سامانە سروشتیەکان، گولیزار ره‌شید حاجی، جێگری سه‌رۆكی لیژنه‌ی وزه‌و سامانه‌ سرووشتییه‌كان له‌ په‌رله‌مانی كوردستان به‌ وێستگه‌ نیوزی راگه‌یاندوە،” چاوه‌ڕوانن سبه‌ینێ كه‌ 23ی ئابه‌ نرخی به‌نزین له‌ سه‌رجه‌م به‌نزینخانه‌كانی هه‌رێم بۆ 650 دینار دابه‌زێت”.

هەروەها لە درێژە وتەکانی دەربارەی وردەکاری هاتنی بەنزن و هەرزان بونی، پەرلەمانتارەکە ئاشکرای کردوە،” ئاگاداری هیچ ورده‌كارییه‌كی دیكه‌ نیم له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته‌”.

سه‌ركۆ گه‌ڵاڵی، بڕیارده‌ری لیژنه‌ی سامانه‌ سرووشتییه‌كان له‌ په‌رله‌مانی كوردستان، بە وێب سایتەکەی ڕاگەیاندوە،” بڕیاربوو له‌سه‌ر پرسی به‌نزین و سووته‌مه‌نی، سبه‌ینێ ( ٢٣ی ئابی ٢٠٢١ )، كه‌مال ئه‌تروشی، وه‌زیری سامانه‌ سرووشتییه‌كانی هه‌رێم له‌گه‌ڵ لیژنه‌كه‌یان كۆببێته‌وه‌، به‌ڵام كۆبوونه‌وه‌كه‌ هه‌ڵوه‌شایه‌وه‌”.

وتویشیەتی،” خوازیارین هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی كۆبوونه‌وه‌كه‌ په‌یوه‌ندی به‌وه‌وه‌ هه‌بێت كه‌ سبه‌ینێ نرخی به‌نزین هه‌رزان ببێت”.

جێگەی ئاماژە پێدانە، له‌ هه‌رێمی كوردستان نرخی لیترێك به‌نزینی نۆرماڵ گه‌یشتووه‌ته‌ ٨٥٠ دینار و لیترێك محه‌سه‌ن به‌ ٩٠٠ دینار و جۆری سۆپه‌ریش به‌ ٩٧٥ دیناره‌.

 

 

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button