ئیزافەیەك بۆ قسەكانی بارزانیی

لڤین: سەرتیپ جەوهەر

چەند رۆژێكە بەهۆی رووداوەكانی ئەفغانستان گفتوگۆو مشتومڕی زۆر سەبارەت بەلێكچوونی نێوان ئەفغانستان چ وەك واقع چ وەك چارەنوس دەكرێت. ئەمڕۆش كاك مەسعود بارزانی وەك سەرۆكی پارتی رونكردنەوەیەكی بڵاوكردۆتەوە پێیوایە لێكچوون لەنێوان ئەفغانستان و كوردستاندا نییەو چارەنوسی كوردستان وەك ئەفغانستان نابێت.

ئەو وتارەی من وڵام نییە بۆ كاك مەسعود، بەڵام دەشێت چارەنوسی ئەفغانستان چ لەپاشەكشەی هێزەكانی ئەمریكا، چ لەخراپی حوكمڕانیی بكەینە پرسێك هەموومان گفتوگۆی لەسەر بكەین و سەرەنجام لێكەوتەی باشی هەبێت.

بێگومان واقعی هەرێمی كوردستان و ئەفغانستان جیاوازە، بەڵام جیاوازییەكە ئەرێنی نییە، هەروەكو چۆن لێكچونێكی زۆر هەیە، بەڵام لێكچوون لەخراپی شێوەی حوكمڕانیی و سەرەنجام لێكچوونی چارەنوسی هەرێم و ئەفغانستان.

راستیەكەی ئەگەر ئێمە گریمانەی كشانەوەی ئەمریكا بخەینە روو، بەراستی دیمەنێكی تراژیدی و خراپ دەبینین، چونكە ئەوەی لەئەفغانستان هەبوو، لەهەرێمی كوردستان كەمتر نییە، بەڵام بەشێوەیەكی جیاوازو لەواقعێكی جیاواز.

جاران ئێمە پێمانوابوو چەند لەمپەرو پارێزبەندییەكمان هەیە رەنگە رێگە بگرێت لەدوبارەبونەوەی مەینەتی بەسەر میللەتی كوردستان، لەوانە (پێشمەرگە، نەوت، پەیوەندی و لۆبی نێودەوڵەتی) بەڵام دوای ریفراندۆم دەركەوت نە پێشمەرگەو نە كۆمپانیاكانی نەوت و نە پەیوەندییەكانی هەرێم لەگەڵ وڵاتان نەیانتوانی پەلامارەكان رابگرن! ئەگەر بەیاننامەكەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا لە 17ی ئۆكتۆبەر نەبوایە، كە سنورێكی بۆ هێزەكانی عیراق كێشا، بەدڵنیاییەوە زیانەكانی زیاتر دەبوون و داگیركارییەكان زیاتر دەبوو.

ئێستا دوای 4 ساڵ لەرووداوەكانی لێكەوتەی ریفراندۆم، كوردستان ترسی لێ‌ نیشتووە ئەمریكا هێزەكانی بكێشتەوە! لەماوەی ئەو 4 ساڵە لەبری یەكڕیزی ناوخۆی هەرێم بەهێزكردنی حكومەت و حوكمڕانیی، بەردەوام بووین لەسەر گرەوكردن لەسەر مانەوەی ئەمریكا لەكوردستان! واتە چارەنوس و ئایندەی كوردستانمان بەستۆتەوە بەمانەوەو نەمانەوەی ئەمریكا! بێ‌ ئەوەی پرسیار لەخۆمان بكەین بزانین ئەگەر ئەمریكا لە عیراق كشایەوە كوردستان روبەرووی چ دۆخێك دەبێتەوە؟ لەكاتێكدا ئەمریكا لەسوریاو لەئەفغانستان بەبێ‌ بیانووی بەهێزو لەناكاو كشایەوەو ناكرێت هیچ ئومێدێكی لەسەر دابنێین.

هەموومان دەزانین ئەگەر ئەمریكا لەم ناوچەیە بكشێتەوەو پارێزبەندییەكەی لەسەر عیراق و هەرێم هەڵگرێت، مەترسی گەورە روبەرووی ناوچەكە، بەتایبەتیش هەرێم روبەرووی زۆرترین مەترسی دەبێتەوە.

بەپێی ئەو دۆخەی ئێستا دەیبینین، ئەگەر ئەمریكا هێزەكانی بكێشتەوە، هەرێم لاوازترین ناوچەی عیراقە، ئەمەش لەبەر ئەو هۆكارانەی خوارەوە:

١- ناو ماڵی كوردستان بەتەواوی شپرزەو شێواوە. هیچ رێككەوتن و تەوافوقێك لەنێوان لایەنە سیاسیەكانی هەرێمدا نییە، بگرە توانای كۆبونەوەیشیان نییە، بەتایبەت یەكێتیی و پارتی كە بڕیاربەدەستی هەرێمن. شەراكەت و تەوافوق لەنێوان لایەنە سیاسییەكان، مەرجی سەرەكیە بۆ روبەرووبونەوەی دۆخێكی ئاوها نەخوازراو.

٢- هێزێكی پێشمەرگەی یەكگرتوو نییە، نەك هەر حزبەو هێزێكی پێشمەرگەی تایبەت بەخۆی هەیە، بەڵكو لەناو حزبێكیشدا دەبینین هێزی ئەم و ئەو هەیە!

٣- حوكمڕانیەكەی هەرێم، حكومڕانیەكی خراپەو لایەنە سیاسییەكان تەنانەت بەشێك لەسەركردایەتی حزبەكانی حوكمڕانیش لێی ناڕازین و شەراكەت و تەوافوق لەحوكمڕانیدا نییە.

٤- گروپەكانی دیكەی وەك سوننەو شیعە، قوڵایی ئیقلیمیان هەیە. شیعەكان لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانیی دەكرێن و میلیشیایان بۆ دروستكراوە. سوننەكانیش لەلایەن وڵاتانی دراوسێ و كەنداو و توركیا پشتیوانیی دەكرێن، بەڵام هەرێمی كوردستان بەنەیاری سەرسەخت دەوردراوە. چ وەك وڵاتانی هەرێمەكە، چ لەناوخۆی عیراق بەتایبەت شیعەكان و بەشێك لە سوننەكان نەیاری سەرسەختی هەرێمن.

بەدڵنیاییەوە قسەی زیاتر هەیە بیكەین، هۆكاری زیاتر هەن كە وادەكات ترسمان لەئایندەی هەرێم هەبێت، ترسمان لەدوبارەبوونەوەی مێژوو هەبێت. لێرەدا خستنەرووی راستییەكان گەلێك باشترە لەشاردنەوەیان. هۆكاری سەرەكی سەركەوتنی چەرچڵ لەجەنگی جیهانیی دووەم خستنەرووی راستیەكان بوو بۆ گەلەكەی، لەبەرامبەردا شكستی گەورەی هیتلەر، شاردنەوەی راستیەكان بوو!

لەجەنگی جیهانیی دووەمدا ئەڵمانیا گەلێك بەهێزتربوو لە بەریتانیا. چ وەك لەژمارەی سەرباز، چ لەتوانای سەربازیی، بەڵام چەرچڵ لەسەرەتای جەنگەكە كاتێك هیتلەر لە ئۆكتۆبەری 1940 لەندەنیان بۆردومانكرد چەرچڵ بەخەڵكی بەریتانیای راگەیاند قوربانیی گەورەیان لەپێشەو رۆژی رەشتریان لەبەردەمە پێویستە قوربانی زۆرتر بدەن. راستیەكانی لەگەلی بەریتانیا نەشاردەوە. ئەمە وایكرد بەرگریی ناوخۆ زۆر زیادبكات. بەپێچەوانەی هیتلەر كە راستیەكانی لەگەلی ئەڵمانیا دەشاردەوە(گۆبلەزو گۆرێنگ)* درۆیان لەگەڵ خەڵك دەكرد، سەرەنجام شكستێكی گەورە چارەنوسیان بوو. بۆ ئێمەش، بەر لەهەمووشتێك پێویستمان بە داننان بەخراپی حوكمڕانی هەرێم و بەكەموكوڕییەكان هەیە، دواتر گفتوگۆیەكی نیشتیمانیی بكرێت تاوەكو بەشێك لەو خراپییەو كەموكوڕیانە چارەسەر بكەین، لەسەرووی هەمویانەوە شەراكەت و تەوافوق.

*- جوزیف گۆبلەز: وەزیری راگەیاندن

*-هیرمان گۆرێنگ: فەرماندەی هێزی ئاسمانی ئەڵمانیا ناسراو بە (لوفتفاتە)

 



Notice: Undefined index: img in /home/new.lvinpress.com/public_html/wp-content/plugins/molongui-authorship/public/views/parts/html-author-box-avatar.php on line 4

Notice: Undefined index: show_social_web in /home/new.lvinpress.com/public_html/wp-content/plugins/molongui-authorship/public/views/parts/html-author-box-socialmedia.php on line 6

Notice: Undefined index: show_social_mail in /home/new.lvinpress.com/public_html/wp-content/plugins/molongui-authorship/public/views/parts/html-author-box-socialmedia.php on line 7

Notice: Undefined index: show_social_phone in /home/new.lvinpress.com/public_html/wp-content/plugins/molongui-authorship/public/views/parts/html-author-box-socialmedia.php on line 8

Notice: Undefined index: type in /home/new.lvinpress.com/public_html/wp-content/plugins/molongui-authorship/public/views/parts/html-author-box-name.php on line 20

Notice: Undefined index: type in /home/new.lvinpress.com/public_html/wp-content/plugins/molongui-authorship/public/views/parts/html-author-box-name.php on line 21

Notice: Undefined index: type in /home/new.lvinpress.com/public_html/wp-content/plugins/molongui-authorship/public/views/parts/html-author-box-name.php on line 22

Notice: Undefined index: bio in /home/new.lvinpress.com/public_html/wp-content/plugins/molongui-authorship/public/views/parts/html-author-box-bio.php on line 21

بابەتی پەیوەندیدار

زیاتر بخوێنەوە
Close
Back to top button