لە خۆپیشاندانەکانی واست دا خۆپیشاندەرێک کوژرا و دەیان کەسیش برینداربوون

لەو خۆپیشاندانەی لە دوێنێ ئێوارەوە تادرەنگانێکی شەو له شاری كوتی ناوهندی پارێزگای واست، بهڕێوهچوو، خۆپیشاندەرێک کوژرا و یەکێکی دیکەش برینداربوو، شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراقیش دەڵێت: 150 کارمەندی هێزە ئەمنییەکان برینداربوون.
ئێوارەی دوێنێ له شاری كوتی ناوهندی پارێزگای واست لە باشووری عێراق، سەدان هاوڵاتی شارەکە ڕژانە سەرشەقامەکان و داوای دهستلهكاركێشانهوهی محهمهد مهیاحی، پارێزگاری شارەکەیان کرد.
خۆپیشاندەران ڕێگا سەرەکییەکانی ناوشارییان بە کردنەوەی ئاگر داخست و لە ئەنجامدا لەگەڵ هێزە ئەمنییەکان ڕووبەڕوو بوونەوە و ئاڵۆزی دروست بوو.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوێکی فهرماندهی پۆلیسی واست، لە ئاڵۆزییەکاندا “له ئەنجامی تهقهی كهسانی دهرچوو له یاسا كه ههوڵی كوشتنی پۆلیسیان دا، هاوڵاتییهك كوژرا و یهكێكی دیكەش به سهختی برینداربووە”.
لە لایەکی دیکەوە شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق، لە بەیاننامەیەکدا ئاشکرایکرد کە لە خۆپیشاندانەکەدا، خۆپیشاندەران چەکی ئاگرین و شووشەی مۆلۆتۆفی سووتێنەریان دژی هێزە ئەمنییەکان بەکارهێناوە و جگە لە کوشتنی خۆپیشاندەرێک 150 کارمەندی هێزە ئەمنییەکانیش بریندار بوون.