چۆنیەتی گیان لەدەستدانی خێزانێکی کورد لە ڕووداوێکی هاتوچۆ لە ئیرلەندا ئاشکرا کرا

لڤین:

کارزان سەباح و خێزان و منداڵەکەی کە بەمەبەستی خوێندن لە وڵاتی ئیلەندا دەژین، بەر لەوەى خوێندنەکەى تەواو بکات بە رووداوێکى هاتووچۆ گیانیان لەدەستدا.

کارزان سەباح دەروێش، کە لە ساڵی ٢٠١٤ ژیانی هاوسەری پێکهێناوە لە ساڵی ٢٠١٧ بەمەبستی خوێندنی دکتۆرا لەگەڵ هاوسەرەکەی ڕوویان لە وڵاتی ئێرلەندا کردبوو.

کارزان سەباح گەنجێکى هەرێمى کوردستانە و نیشتەجێى بەحرکە بوو، بەمەبەستى خوێندن لەگەڵ شەهێنى هاوسەرى و لیناى کچى روودەکەنە وڵاتى ئێرلەندا دواهەمین ساڵى خوێندنى بوو لەو وڵاتە و رۆژى هەینى لەگەڵ هاوسەرەکەیى و کچە تەمەن ٨ مانگى کچیان دەیانەوێت شوێنى نیشتەجێبوونیان بگۆڕن و بەر لەوەى بگەن بە خانووى نوێیان تووشى روداوێکى هاتووچۆ دەبن و لە ئەنجامدا هەرسێکیان گیان لەدەست دەدەن.

سەبارەت بە ڕووداوەکە، میدیاکانى بەریتانیا نووسیویانە،” چوار کەس لە ئەنجامی پێکدادانی سێ ئۆتۆمبێلدا لەسەر رێگای هاتووچۆی دەرەکی ئێم شەش لە ئێرلەندا گیانیان لەدەستدا، کە لە دایک و باوک و منداڵێکی ساوا پێکهاتبوون لە ناو ئۆتۆمبێلێکدا بوون و دەستبەجێ گیانیان لەدەستدا”.

سەبارەت بە کەسەکەی تری جگە خێزانە کوردەکە، میدیاکانی بەریتانیا ئاشکرایان کردوە،” کەسەکەی تر کە گیانی لەدەستداوە، شۆفێری ئۆتۆمبێلی بەرامبەریان بووە”.

هەروەها سەبارەت بە چۆنیەتی ڕوداوەکە، ئاماژە بەوەراوە،” شۆفێری ئۆتۆمبێلی بەرامبەر بە هەڵە و بە ئاڕاستەی پێچەوانە ئۆتۆمبێلەکەی لێخوڕیوە”.

هەروەها نوسیویانە،” ئەو ئۆتۆمبێلەى کە بەپێچەوانەى ئاراستەى شەقامەکە خۆى بە ئۆتۆمبێلى خێزانەکەدا کێشاوە لە رێڕەوى خۆى لایداوە و خۆى کێشاوە بە ئۆتۆمبێلێکى تردا و بەو هۆیەوە شۆفێرى ئۆتۆمبێلى سێیەم بریندار بووە بەڵام برینەکەى سەخت نییە و دۆخى تەندروستى جێگیرە”.

لە کۆتایی هەواڵەکەدا میدیاکانی ئەو وڵاتە نوسیویانە،” لە ئێستادا چەند تیمێكی لێکۆڵینەوە پێکهاتووە بۆ بەدواداچوون لە هۆکاری ئەو رووداوە و ناسینەوەی تەواوی ئەوانەی کە گیانیان لەدەستداوە”.

هەروەها ئەیوب گۆمەشینی کە هاوڕێ و هاوسەفەری ئەو خێزانە کوردە بووە، ئاشکرای کردوە،” کارزان زۆر کەسێکی لەسەرخۆ و هێمن بوو، بە دڵسۆزییەوە کاری دەکرد و هەمیشە هەوڵی دەدا خزمەت بە چواردەورەکەی بکات، هێندە بەتوانابوو زانکۆکانی ئێرلەندا داوایان لێکردبوو وانە بڵێتەوە و ماوەیەک لەوێ وانەی دەوتەوە”.

 

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button