ئەو کچە نەوجەوانەی لە یانەی شەوانەدا چەندەها جار دەستدرێژیی سێکیی کراوەتە 

پۆلیس کچێکیان هێنا بۆ پزیشکی دادوەری، تا پشکنینی کچێنی بۆ بکەین، چونکە لە یانەیەکی شەوانە کاریکردووە کە پۆلیسی لێ ئاگادارکرابووەوە کە کاری سیکسفرۆشی تێدا دەکرێت!
کچەکە چیرۆکی ژیانی خۆی بەمجۆرە بۆم باسکرد:
“من تەمەنم ١٥ ساڵە، دایک و باوکم بەهۆی کێشەی خێزانییەوە لەیەکتر جیابوونەوە و هەریەکەیان بەرپرسیارێتیی ژیانی خۆی هەڵگرت و کەسیان منیان لە خۆ نەگرت”
ڕۆژێک لە ڕۆژان هاوڕێیەکی کچەکە وەکو فریادڕەس خۆی پیشاندەدات و دەڵێ ڕیگەچارەیەکم بۆت هەیە.
“وتی وەرە لەو یانەی شەوانەیە کار بکە کە منی لێم، کێشەی جێگە و ڕێگەی مانەوەت نامێنێ و موویەیەکی باشیش وەردەگریت!” کچە هەڵخەڵەتێنراوەکە وای وت!
ئێستا دەرکەوتووە شەوانە خاوەنی یانەی شەوانەکە ئەم کچەی بە دەرمان بێهۆشکردووە و کاری سێکسفرۆشی پێکردووە، لەکاتێکدا ئەم کچە تەمەنی یاسایی پێگەیشتوویی تەواو نەکردووە و تەمەنی خوار هەژدە ساڵە!
کەسانی خوار تەمەنی ١٨ ساڵ لەڕووی یاساییەوە، ئەگەر خۆیشیان رازیبن بە پەیوەندی سێکسی، ئەوە هەر بە دەست درێژی سێکسی لەقەڵەم دەدریت و تاوانە، چ جای ئەوەی بێ ڕەزامەندی و ئاگاداری خۆیان و بە بەکارهێنانی ماددەی بێهۆشکەر!
لێرەدا کۆمەڵگە و خێزان دەبێ بزانن هەڵوەشانەوەی خێزانێک چ کارەساتێک دێنێت بۆ منداڵ و نەوجەوانانی ئەو خێزانانە و لەوانەیە ژیانیان وێران بکات.
هەروەها هاوڕێی بەدخو دەتوانێت ئاییندەی منداڵ و نەوجەوان بەو شێوە کارەسات ئامیزە تێکبدات و پەلکێشی بکات بۆ کاری نەشیاو.
بازرگانانی سێکسفرۆشی و لەشفرۆشیش سڵناکانەوە لە فرۆشتنی هەست و جەستەی تەنانەت منداڵ و هەرزەکارانیش بۆ پەیداکردنی پارەی زیاتر!
جێی خۆیەتی کۆمەڵناس و دەروونناسان بە جددی ئەم حالەتانە وەربگرن و رێنمایی دەزگا تایبەتمەندەکان و خیزان و تاکەکان بکەن تاوەکو ئەم حالەتانە نەبنە چیرۆکی ژیانی کەسانی دیکە، چونکە دەکرێ هەر ئەم منداڵ و نەوجەوانانە باش ئاراستە بکرێن و تاکی بەسوودیان لێ دەربچێت بۆ خێزان و کۆمەڵگە و نیشتیمان.
پسپۆری پزیشکی دادوەری و مامۆستا لە کۆلیژی پزیشکی

بابەتی پەیوەندیدار

زیاتر بخوێنەوە
Close
Back to top button