چیرۆکی کەوتنە خوارەوەی پزیشکێک لە فڕۆکە ئەمریکەکە لە ئەفغانستان

لڤین:

یەكێك لەو کەسانەی لە فڕۆكە ئەمریكاییەكەدا كەوتە خوارەوە پزیشکی ددان بووە و باوکی دەڵێت ئاگادار نەبوون کە خۆی بە فڕۆکەکەدا هەڵواسیوە.

لە رۆژی دوو شەممەی رابردوودا لە بەرزی 600 مەتر بەشێوەیەكی مەترسیدار، محەمەد فیدا، پزیشكی ددان کە تەمەنی 22 ساڵانە کەوتەخوارەوە و بە هۆیەوە گیانی لەدەستدا.

ئاژانسی دەنگوباسی ئەفغانستان گفتووگۆی لەگەڵ باوكی محەمەد فیدا كرد بە ناوی بایندا، وتی: كوڕەكەم ساڵانێك بە رێكوپێكی خوێندی، دواتر زانكۆی تەواو کرد و ساڵێک پێش ئێستا هاوسەرگیری کرد، دواتر كاری لە نەخۆشخانەیەكی ئەهلی دەستکەوت.

ئەو وتیشی:  بەردەوام كوڕەكەم لە هەوڵدابوو سەفەری دەرەوە بكات، بۆ ئەوەی كار بكات، بە هۆی ئەوەی لە زەماوەندەکەیدا زۆر قەرزداربوو بوو، بەڵام رێگای نەبوو، كاتێك دەوترا ئەمریكاییەكان ئەفغانییەكان دەگوازنەوە بۆ ئەمریكا بە فڕۆكەی سەربازیی هەر بۆیە ئەوەی بە هەل زانیوە و رووی لە فرۆکەخانە کردووە.

باوکی ئەو پزیشکە دەشڵێت بەیانی رۆژی دووهەمی هاتنی چەكدارەكان بۆ كابووڵ، لە ماڵ دەرچوو پێمانوابوو کە بۆ کار رۆشتووە، بەڵام نیوەڕۆ دیار نەبوو، نەتواندرا پێوەندیی لەگەڵدا بگیردرێت، لە پاش نیوەڕۆدا پێوەندیی بۆ مۆبایلەكەی چوو، كەسێك وەڵامی دایەوە، پێی وتین كەسێك لە فڕۆكە كەوتووەتە خوارێ، مۆبایلەكەیم لە گیرفانیدا دۆزیوەتەوە.

بە گریانەوە باوکی پزیشکەکە باسی ئەوەشیکرد، ئێمە بە خێرایی دەرچووین بە هیوای ئەوەی زیندوو بێت، كە چووین نەمابوو، تەرمەكەیمان دۆزیەوە، هەمان رۆژ لە شارۆچكەی بغمانە كە لێی لە دایكبووە تەرمەكەیمان ناشت.

 

 

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button