ژمارەیەك بازرگان و بەكارهێنەری ماددەی هۆشبەر دەستگیرکران

لڤین:

ئاسایشی ڕۆژئاوای سلێمانی، ژمارەیەك بازرگان و بەكارهێنەری ماددەی هۆشبەر دەستگیرکران كە سەرجەمیان كوردن و ماددەی كریستاڵ-یان بەكارهێناوە.

بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی رۆژئاوای سلێمانی، لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە،” لەچوارچێوەی هەڵمەتەكانیان بۆ رێگریكردن لە بڵاوبوونەوەو بازرگانیكردن و بەكارهێنانی ماددەی هۆشبەر، لەماوەی دوو مانگی رابردوودا ١١ تۆمەتبارێان دەستگیركردووە”.

هەروەها لە راگەیەندراوەكەدا هاتووە،” تۆمەتبارەكان سەرجەمیان كوردن، كە نۆ كەسیان بەكارهێنەرن و دانیشتووی بازیان، چەمچەماڵ و كەركوكن، دوو تۆمەتبارەكەی دیكەش بازرگانن و دانیشتوی قەزای چەمچەماڵن و ماددەی كریستاڵ-یان بەكارهێناوە”.

لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە،’ تۆمەتبارەكان پەڕاوی لێكۆڵینەوەیان بۆكراوەتەوەو بە فەرمانی دادوەری دادگەی لێكۆڵینەوەی چەمچەماڵ، بەپێی ماددەكانی (۲٦ و ٣٠) لەیاسای بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرو كارتێكارە عەقڵییەكان، راگیراون”.

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button