وتەبێژی پارتی: یەکێتی دەیانەوێت لەدوای هەڵبژاردن بارودۆخەکەیان یەکلایی بکەنەوە

لڤین:

وتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاند، یەکێتی دەیانەوێت لەدوای هەڵبژاردن بارودۆخەکەیان یەکلایی بکەنەوە، ئەگەر رێگری لەبەردەم چاکسازی نەهێڵن کارێکی باش دەکەن.

مەحمود محەمەد، لە دیدارێکی تەلەفزیۆنیدا لەگەڵ میدیاکانی نزیک لە حزبەکەی ڕایگەیاند دۆخی ناوخۆی یەکێتی “تائێستا ڕوون نییە دەیانەوێت چیبکەن، بۆیە هیچ کۆبوونەوە و گفتوگۆیەکمان نەبووە، چاوەڕێین بزانین دەیانەوێت چۆن مامەڵە لەگەڵ دۆخەکەدا بکەن”.

وتەبێژی پارتی وتیشی “لەئێستادا هەمووان سەرقاڵی بابەتی هەڵبژاردنین، پێموایە ئەوانیش دەیانەوێت لەدوای هەڵبژاردن بارودۆخەکەیان یەکلایی بکەنەوە، بەپێی ئەوەی ئەو گەرموگوڕییەی لە 8ی تەموز دەستیپێکرد، وردە وردە سارد بووەتەوە”.

ئەو وتیشی “ئەو چاکسازییانەی ئێستا یەکێتی باسی دەکات، ئەوانەن کە حکومەت گرتوویەتیەبەر، بەڵام ئەوەی هەبوو لە ڕابردوودا ڕێگری لەو چاکسازییانە هەبوو، ئەگەر ئێستا بەو گۆڕانکارییانە ئەو ڕێگرییانە نەهێڵن، ئەوا شتێکی باشە”.

ئاماژەی بەوە کرد لە رابردوودا یەکێتی پابەندی رێکەوتنە سیاسی و ئیداریەکەی لەگەڵ پارتی نەبووە باسی لە گۆڕانکاری ناویەکێتی کرد لەو رووەوە وتی: هێشتا زۆر زووە و شتێکی ئەوتۆ ڕووی نەداوە کە هەڵسەنگاندنی بابەتیانەی بۆ بکەین.

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button