قەرەیلان هۆشداریەکی توند دەداتە پارتی

لڤین:

موراد قەرەیلان، رایگەیاند، چاوەڕوانی پارتی دەکەن چارەنوسی ئەو گەریلایەیان ڕوون بکاتەوە، کە لە خەلیفان هێرشکراوەتە سەریان، دەشڵێت گفتوگۆ هەبوو، بەڵام ڕایانگرت و هێزی سەربازیی دەجوڵێنن.

موراد قەرەیلان، ئەندامی کۆمیتەی بەڕێوەبەریی پەکەکە لە دیدارێکدا لەگەڵ ئاژانسی فورات رایگەیاند: تا ئێستا لەبارەی رووداوەکەی خەلیفانەوە کە لە 26ی تەمموز روویدا هیچ بەرەوپێشچونێک نییە، ئێمە چاوەڕێین، کە پارتی لەبارەی ئەو هەڤاڵانەوە ڕونکردنەوە بدات.

لە بارەی رووداوەکەوە روونکردنەوەیدا و وتی “ئەو سێ گەریلایە ویستویانە بچنە مەتینا، ئەوان بەشاراوەیی و بەشەودا ڕێیان کردووە، تەنانەت بۆ ئەوەی کەس نەیانبینێت، بە ڕێگای سەرەکییدا نەڕۆشتوون، بەڵام لە ناوچەی خەلیفان لەنزیک گوندی بێخمە، لە شوێنێکدا بە ڕۆژ دەمێننەوە، دیارە هەندێک کەس دەیانبینن و زانیارییان لەسەر دەدەن”.

قەرەیلان باسی لەوەشکردوە “هێزێکی گەورەی تایبەت گەمارۆی ئەو سێ گەریلایەیان داوە و هێرشیان کردونەتە سەر، بەو شێوەیە شەڕ دروست دەبێت، ئەنجام چی بوو؟ ئێمە نازانین، چ پێویستی بەوە دەکرد؟”.

ئەندامەکەی بەرێوەبەرایەتی پەکەکە وتیشی: ئەوە بەوجۆرە نییە، کە کەسێک بچێتە ناوچەی کەسێکی تر و بەوجۆرە ڕوداوەکە دورست بووبێت، نا، سێ کەس بیندراون، کە لەشوێنێکی شاراوەن و دەشزاندرێت ئەوانە کێن، کەچی چوون گەمارۆیان داون، واتا بە مەبەست ڕوویداوە، بۆیە ئەوە دۆخێکی جیاوازە، بەڕاستیی جێگای نیگەرانیی زۆرە.

ئەوەشی خستوەتەڕوو “هیوام بە بەڕێوەبەریی و سەرکردایەتیی پارتی هەبوو، ئێمە بانگەوازییمان لێکردن، لەو ڕوەوە چاوەڕوانییمان هەبوو، من بۆ خۆم بیر دەکەمەوە، ئیمە لە دژی دەوڵەتی تورکیا شەڕ دەکەین، دەتوانن هاوکارییمان بکەن، ئێمە هیواداربووین، ئەگەر هاوکارییشمان نەکەن، با بێلایەن بن، بەڵام بینیمان، گەمارۆدان، ڕێگاگرتن، هەواڵدان بە دوژمن، ئینسان ناتوانێت لەمە تێبگات، ئیستا شەڕێک لەنێوان کورداندا پەیدا دەبێت، لە هەردوولا بە سەدان کەس گیان لەدەست دەدەن، ئایا پارتی چ  سودێک لەمە دەبینێت”.

ئەو دروستبوونی شەڕی لە نێوان حزبەکەی و پارتی شیکردەوە وتی: ئەم شەڕە بەو جۆرە بەرفراوان بێت و درێژە بکێشێت، دەکەوێتە ناو دەشت و شار، کاریگەریی لەسەر ژیانی هەموو کەسێک دروست دەکات، ئایا ئەمە چ سودێک بە سیاسەتی کوردان دەگەیەنێت؟.

قەرەیلان ئاماژەی بەوەشکرا “هەموو دینا دەبێتە تەماشاکەرمان، ئەوکات دەڵێن، قسەکانی دەوڵەتی تورکیا ڕاستە، ئەمە شەڕی نەتەوەیی نییە، ئەوەتا لەناوخۆیاندا لەیەکتر دەدەن، لەسەر چی؟ چی لەئارادایە؟، هەرچییەکیش هەبێت، هەموو دنیا بە گفتوگۆ چارەسەری دەکەن، کێشەی هەرە گەورەش، دەیانەوێت بە گفتوگۆ چارەسەری بکەن، باشە ئێمە بۆچی گفتوگۆ ناکەین؟، گفتوگۆ هەبوو، بەڵام ڕایانگرت و هێزی سەربازیی دەجوڵێنن، واتا کەس بە زۆر ناتوانێت شتێک بە کەسێکی تر قبوڵ بکات”.

 

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button