دژە تیرۆری عێراق دەنگۆی برینداربوون یان کوژرانی ساعدی ڕەتدەکاتەوە

دەزگای دژە تیرۆری عێراق دەنگۆی برینداربوون یان کوژرانی عەبدولوەهاب ساعدی سەرۆکی دەزگاکە ڕەتدەکاتەوە.
دەزگای دژە تیرۆری عێراق، لە رونکردنەوەیەکدا کە ئەمڕۆ بڵاویکردوەتەوە رایگەیاندووە کە “بەم دواییانە لەسەرچاوەی نادیارەوە بە شێوەیەکی بەرنامە بۆداڕێژراو کۆمەڵێک درۆ و لێدوانی ساختە بڵاوکراوەتەوە بۆ بە ئامانج گرتنی دژە تیرۆر و عەبدولوەهاب ساعدی سەرۆکەکەی”.
دەزگاکە ڕوونیشیکردوەتەوە کە سەرجەم ئەو دەنگۆیانەی بڵاوکراونەتەوە لەبارەی “برینداربوون یان شەهیدبوون”ی ساعدی دورن لە راستییەوە و بڵاوکردنەوەی ئەو دەنگۆیانە دروستکردنی کێشەیە بۆ دژە تیرۆر و دورخستنەوەیەتی لەو ئەرکە سەرەکییەی ئێستای کە راوەدونانی داعشە.
عەبدولوەهاب ساعدی، دوای دوورخستنەوەی لە ساڵی ٢٠١٩ لەئەرکی جێگری فەرماندەی هێزەکانی دژە تیرۆری عێراق لە لایەن عادل عەبدولمەهدی سەرۆک وەزیرانی پێشوو، لە ساڵی رابردوو و بەبڕیاری مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق گەڕێنرایەوە بۆ دەزگای دژە تیرۆر و کرا بە سەرۆکی دەزگاکە.