داخستنی گشتی لە ئێران ڕاگەیەندرا

لڤین:

لیژنەی نیشتیمانیی ڕووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا لە ئێران، سەرجەم دامەزراوە حکومییەکان و بانک و شوێنە بازرگانییەکان بۆماوەی پێنج ڕۆژ دادەخرێن و هاتوچۆی نێوان شارەکانیش قەدەغە دەکرێت.

عەلی ڕەزا ڕەئیسی، وتەبێژی لیژنەی نیشتیمانیی ڕووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا لە ئێران ئەمڕۆ (شەممە ١٤ی ئابی ٢٠٢١ ) ڕایگەیاند،” بڕیاردرا بە داخستنی سەرجەم دامەزراوە حکومییەکان و بانکەکان و شوێنە بازرگانییەکان بۆ ماوەی پێنج رۆژ”.

هەروەها ئاماژەی بەوەیشداوە،” لە ڕۆژی یەکشەممەوە تا هەینیی داهاتوو هاتوچۆ لە نێوان شارەکان بەهەموو شێوەیەک قەدەغە دەکرێت”.

لە بڕیارەکەدا هاتووە،” مەراسیمی حسێینییە بەهەموو شێوەیەک قەدەغەکراوە و ڕەئیسی جەختیکردووەتەوە کە دۆخەکە مەترسیدارە و پێویستە هاووڵاتیان پابەندی بڕیارەکان بن”.

بڕیارەکان لەکاتێکدایە، ئامارەکانی کۆرۆنا لەو وڵاتە بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەتەوە تا گەیشتن بە ئاستی هێڵی سور.

سەبارەت بە ناوچەکانی کوردستانیش، فەرزین رەزاعی، سەرۆکی زانکۆی زانستە پزشکییەکانی کوردستان بە ئاژانسی “میهر نیوز”ی وتووە، “دۆخی کۆرۆنا لە کوردستان مەترسیدارە و شارەکانی سنە، مەریوان، بیجاڕ، سەقز و قوروە لە دۆخی سوور دان.”

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button