کاروان گەزنەیی: پێویستە یەکێتی سنورێک بۆ دیکتاتۆرییەتی پارتی دابنێت

لڤین:
ئەندامێکی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرەمانی کوردستان دەڵێت پارتی ئیفلاسیاسی و فکری کردووە بۆیە هانا بۆ دەستگیرکردن دەبات و دەشڵێت پێویستە یەکێتی سنورێک بۆ ئەو کارەی پارتی دابنێت.
کاروان گەزنەیی، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی یەکێتی رایگەیاند: گرتن و ترساندن و تۆقاندن بووە بە کەلتوور لای پارتی، و بۆچونێکیان لادروستبووە کە بەو شێوەیە دەتوانن دەنگی ئازاد و ئازا کپ بکەنەوە.
ئەو باسی لە گرتنی نا دادیی شێروان و هاوڕێکانی بۆ بیرهات کردووە و دەڵێت “بێ ئاگان، ئەم جۆرە عەقڵیەتە خێڵەکی و تۆقاندن و ترساندنە، لە بزمارڕێژکردنی تابووتی مەرگی خۆیان زیاتر شتێکی دیکە نیە.”.
ئەو ئاماژەی بەوە کردووە “پارتی، کە تێگەیشتووە لە ڕووی سیاسی و فکرییەوە دەمێکە ئیفلاسی کردووە، دەیەوێت بە چاو سوورکردنەوە دەنگە دلێر و ئازاکان کپبکاتەوە. ڕۆژێک سیاسەتی برسیکردن، ڕۆژێک تینووکردن و جارێکی دیکەش بیانوو دۆزینەوە بۆ گرتنی خەڵکانی ئازادی خواز و دەنگ دلێر”.
ئەو لە بەرامبەر حزبەکەی خۆی دەڵێت “دەستگیرکردنی هەر کەسێک بەبێ هۆکار یان هۆکاری حزبی، و لەناویشیاندا، کادر و لایەنگرانمان، هێڵی سوورە و نابێت بێ دەنگ بین لە ئاستی”.
دوای ئەوەی دوێنێ کادرێکی یەکێتی لە بادینان دەستگیرکرا دەڵێت ” پێویستە بیرهات و هەرکەسێک کە بەهۆکارە بێ بنەماکانی پاراستنی پارتی دەستگیرکراون، بە زووی ئازاد بکرێن و سنورێک بۆ دیکتاتۆرییەتی پارتی بە گشتی و لە بادینان بە تایبەتی دابندرێت”.
دوێنێ کادرێکی یەکێتی لە بادینانا بە ناوی بیرهات لەلایەن هێزێکی ئەمنیەوە دەستگیر کرا و تا ئێستا هۆکاری دەستگیرکردن و شوێنی دەستگیرکردنەکەی ئاسکرا نەبووە.