ئەمڕۆ ساڵایدی تیرۆرکردنی وەدات حسێن –ە

لڤین:

ئەمڕۆ ماوەی پێنج ساڵ بەسەر تیرۆر کردنی وەدات حسین تێپەڕ دەکات و تا ئێستا هیچ کەسێک بە هۆی ئەو تاوانەوە دەستگیر نەکراوە دوای تیرۆرەکەش لیژنەی مافی مرۆڤی پەرلەمانی کوردستان زانیاری وردی ئاشکرا کرد و دەسەڵاتی دهۆکی بە بەرپرسیاری تیرۆرکردنەکە دانا.

وەدات حسێن عەلی، ناسراو بە وەدات دهۆکی، ساڵی ١٩٨٨ لە گوندی ئەلەکانی سەر بە شارۆچکەی گەڤەری پارێزگای جولەمێرگ-ی باکوری کوردستان لە دایکبووە، خاوەنی حەوت خوشک و ١١ برایە.

بنەماڵەی وەدات خەڵکی دهۆکن، بەڵام لە دوای هەرەسی شۆڕش (ئاشبەتاڵ)ی ساڵی ١٩٧٥ی باوکی وەدات ڕوو دەکاتە باکوری کوردستان و لەوێ ژیانی هاوسەریی پێکدەهێنێت، پاشان بەهۆی دۆخی ئەو کاتەی تورکیاوە، لە ساڵی ١٩٩٠دا دەگەڕێنەوە بۆ باشوری کورستان و لە دهۆک نیشتەجێدەبنەوە.

وەدات قۆناغەکانی خوێندنی سەرەتایی، ناوەندیی و ئامادەیی تا پۆلی ١٢ لە دهۆک بە سەرکەوتوویی تێدەپەڕێنێت، بەڵام بەهۆی گوشارەکانی سەریەوە لە پۆلی ١٢ی ئامادەییدا ناچاردەبێت واز لە خوێندن بهێنێت.

وەدات لە تەمەنی گەنجیدا بۆ ماوەی چەند ساڵێک وەک چالاکوانی مەدەنیی و ئەندامی کۆمەڵەی گەنجانی وڵاتپارێزی کوردستان لە دهۆک کار و چالاکیی دەبێت و هەر لەو ماوەیەشدا چەندین چالاکیی بۆ پشتیوانیی شۆڕشی پارچەکانی دیکەی کوردستان و باکور و ڕۆژئاوا ڕێکدەخات و بەشدارییش لە هەموو بۆنە و چالاکییە نیشتمانیی و نەتەوەییەکاندا دەکات، ئەمەش وادەکات جێدەستی بە خەباتی مەدەنیی ئەو پارێزگایەوە دیاربێت و ڕووبەڕووی فشاری زۆری دەزگا ئەمنییەکانیش ببێتەوە.

ئەو لە ١٣ی ئابی ٢٠١٦دا دەرفێندرێت و دواتر بە برینداری دۆزرایەوە و  بە ئاسەواری زۆری ئەشکەنجەوە بە جەستەیەوە بوو، بەڵآم نەیتوانی هیچ قسەیەک بکات و گیانی لەدەستدا و تا ئێستاش هیچ کەسێک لەسەر ئەو تیرۆررە دەستگیرنەکراوە و هەموو پەنجەکانی تاوانیش ئاراستەی پارتی دەکرێت.

دوای ١٠٣ ڕۆژ لە تیرۆرکردنی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا هەر یەکە لە سۆران عومەر سەرۆکی لیژنەی مافی مرۆڤ لە پەرلەمانی کوردستان و مونیرە عوسمان ئەندامی هەمان لیژنە، ڕاپۆرتی خۆیان لەسەر تیرۆرەکە بۆ دەزگاکانی ڕاگەیاندن ئاشکراکرد.

مونیرە وتیشی ”پێمانوایە لە هەر وڵاتێکدا کەسێک تیرۆربکرێت، ئەگەر دەسەڵات یان هێزێکی گەورە لە پشتیەوە نەبێت ئەوە بەئاسانی بکەرانی دەدۆزرێنەوە”.

سۆران عومەر لەوبارەیەوە وتی: هیچ سەرەداوێک لە تیرۆری وەدات حسێنی ڕۆژنامەنووس نەدۆزراوەتەوە، ئێمە داواکارین دوای بڵاوکردنەوەی ئەم ڕاپۆرتە هیچ بیانویەک بۆ دەسەڵات نەمێنێتەوە کە تیرۆرکەرانی وەدات حسێن نەدۆزنەوە.

سۆران عومەر، دوای ئەوەی باسی لەچۆنیەتی چوونە دەرەوەی وەدات ی لە ماڵەکەی خۆیان کرد، وتی “دوای ئەوەی وەدات براکەی دەگەیەنێتە شوێنی کارەکەی و دوور کەوتنەوەی بە ١٠٠ مەتر، لەلایەن دوو ئۆتۆمبێلەوە کە پێش ودوا لە وەدات دەگرن و دەمانچە لەسەر سەری دادەنێن و دایدەبەزێنن تورەکە بەسەریدا دەکەن و دەیڕفێنن”.

سەرۆکی ئەوکاتی لیژنەی مافی مرۆڤ کە خۆی دواتر بە هۆی گوشارەکانی پارتی لەسەر دادگا ناچارکرا دەست لە پەرلەمانتاری بکێشیەوە ڕوونیکردەوە “ئەو ئۆتۆمبێلانەی وەدات دەڕفێنن لە جۆرەکانی (کیا سیراتۆی ڕەش و ئۆپترای سپی بووە)، ئەوەشی دەمانچەی لەسەر سەری وەدات داناوە، پیاوێکی باڵا بەرزی سەر سپی بووەو هیچ دەمامەکێکی نەبووە، کە خەڵکی پرسیویانە بۆکوێی دەبەن، وتویانە گوایە لە منداڵێکی داوە، لەوێشدا خەڵکێکی زۆر بە موبایل دیمەنی ڕفاندنەکەیان گرتووە، بەڵام ئەوەی جێگای سەرنجە، لەلایەن چەند ئاسایشێکی مەدەنیەوە هەموویان دەستگیرکراون و ڤیدیۆکانیان پێ سڕاوەتەوەو هەڕەشەشیان لێکراوە کە هیچ شاهیدییەک لەسەر کەیسەکە نەدەن”.

سەرۆکی لیژنەی مافی مرۆڤ لە پەرلەمان وتیشی:  وەدات لەو شوێنەی دەرچووە بەرەو ناو شاری دهۆک و تا شوێنی ڕفاندنەکەی، بە دوکان و شوێنە گشتیەکانەوە نزیکەی ٢٠٠ کامێرای چاودێری هەبووە، بەڵام هێزێکی بەرەنگاربوونەوەی تاوان لەوێ دەبن، خاوەنی مارکێتەکان شاهیدییان بۆ بنەماڵەی شەهید داوە، کە ئەو هێزەی پۆلیس دوای ڕووداوەکە تەواوی ڤیدیۆی کامێراکانیان سڕیوەتەوە، دواتریش هەڕەشە لە تەواوی ئەو کەسانە کراوە کە هیچ قسەیەک لەسەر کەیسەکە نەکەن، هەربۆیە ئێستا ئەوان ناوێرن هیچ بڵێن”.

سۆران ئاماژەی بەوەکرد، دوای ئەوەی وەدات بەو سەختیە بریندار کراوە، براوەتە بنکەیەکی بچوکی تەندروستی لە سێمێل، پاشان براوەتە نەخۆشخانەی دهۆک، وەک لێکۆڵینەوەشی تێداکراوە، نێوان نەخۆشخانەک بچوکەکە و نەخۆشخانەی گشتی دهۆک تەنها دە خولەکە، بەڵام گەیاندنی وەدات یەک کاتژمێری خایاندووە.

لە درێژەی قسەکانیدا وتیشی ”کە بنەماڵەکەی چوونەتە نەخۆشخانە، وەدات لە ژیاندا بووە، کاتێک دەچنە نەخۆشخانە دەبینن ئەفسەرێکی پۆلیس و دوو ئاسایشی مەدەنی بە دیارەوە وەستاون، کۆمەڵێک لەو کەسانەی ئەوکاتە لەوێ بوون شاهیدییان داوە کە، هیچ پزیشکێک بانگهێشت نەکراوە بۆ چارەسەری و بینویانە کە دەرزییەک لە ژێر پەراسوی وەدات دراوەو کارەباش لە لاملی دراوە، دواتر ژیانی لەدەستداوە، ئەوانەشی ئەم ڕوداوە دەگەڕێننەوە هەڕەشەیان لێکراوەو ئێستاش ناتوانن هیچ شتێک لەو بارەیەوە بڵێن”.

ئەو کۆنگرە رۆژنامەوانیەی لیژنەکا دوای ١٠٣ رۆژ لە تیرۆری رۆژنامەنوسەکەبوو تیایدا باسی لە ئەشکەنجەکانی وەدات کردو وتی “بە جەستەیەوە شوێنی ئەشکەنجەو کارەبا دیارە، پاشان شیشێک کراوە بە چاوی راستیدا و لە پشتەوە دەرچووە، پەنجەکانیشی هەمووی شکاوە، قۆڵی ڕاستیشی بە گیرەی ئاسنگەری (مەنگەنە) شکێندراوەو هەموو ئەو بەڵگانەمان لە بەردەستدایە”.

پێش تیرۆرکردنی سێ جار وەدات بانگهێشتی ئاسایش کراوە کە دواین جاریان مانگێک پێش تیرۆرکردنەکەی بووەو  بە وتەی سۆران عومەر ئەو جارە کە بانگکراوە ئاسایش پێیان وتووە “بۆ ئاژانسی ڕۆژنیوز کاردەکەیت بیکە، بە مەرجێک بۆ ئێمەش کاربکەیت و ئۆتۆمبێل و پارەی باشت پێدەدەین، بەڵام دیارە شەهید وەدات ڕەتیکردووەتەوە، دوای ڕەتکردنەوەی پێیان وتووە کە ئیتر تۆ کارت لای ئێمە نەماوەو ڕەوانەی دەکەین بۆ سەروی خۆمان، ئەمەش هەڕەشەیەکی جدی بووە بۆسەر ژیانی شەهید وەدات”.

وەدات لە مانگی چواری ٢٠١٦ لەگەڵ ئاژانسی ڕۆژنیوز گرێبەستی کاری واژۆ کردووە، ١٣ی ئاب ڕفێندراوە، دەوترێت لەو ڕۆژەدا لەگەڵ دوو بەرپرسی گۆڕان و یەکێتی کاتی بۆ لێدوان وەرگرتن لەسەر ساڵێک دوای کۆتایی هاتنی ویلایەتی سەرۆکایەتی هەرێم هەبووە، چونکە ١٦ی مانگ ساڵێک بەسەر بەسەرچوونی ویلایەتی سەرۆکایەتی هەرێمدا تێپەڕ دەبوو.

ئەوکاتە سۆرزان عومەر ئاشکرای کرد دوای بردنی ئۆتۆمبێلەکەی لەلایەن پۆلیسی تاوانەوە، هیچ شتێکی نەماوەو، هەموو بەڵگەکان لەناوبراون و پاش چەند ڕۆژێکیش فەیسبوکەکەی دەسڕنەوە لەسەر تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک، بۆ ئەوەی هیچ ئاسەوارێکی هەڕەشەکان ئاشکرا نەکرێت.

ئەوەشی وت “ئەوانەی پۆلیسی لێکۆڵینەوەی دهۆک باسی دەکات گوایە لێکۆڵینەوەیان لە کەیسەکەدا کردووە ئەمانەن، یەکێکیان برای بووەو بانگیان کردووەو پێیان وتوە وەدات بۆ تەلەفۆنی بۆ کردوویت؟، ئەویش وتویەتی ئێوە چی دەڵێن، ئەو برام بووە، بڕۆن ئەوانە بە ڕۆژی ڕوناک ڕفاندویانە بیان دۆزنەوە، دوو کەسی دیکەشیان بانگکردووە کە وەدات لێدوانی بۆ ئاژانسەکەی لێ وەرگرتوون.

سەرۆکی لیژنەی مافی وتی “دوای ئەم بەدواداچوونەمان ئێمە بەم دەرئەنجامە گەیشتین کە ئەم تیرۆرە ڕێکخراوترین تیرۆرە لە هەرێمی کوردستاندا، دوای ئەم ماوە زۆرەش هیچ سەرەداوێک ئاشکرا نەکراوە، هەربۆیە دەسەڵاتی حزبی و ئەمنی دهۆک بەرپرسیاری تیرۆرکردنی ڕۆژنامەنووس وەدات حسێنن”

ئێستا پێنج ساڵ بەسەر تیرۆرکردنی ئەو رۆژنامەنوسەدا تێپەڕ دەکات و هیچ کەسیک بە هۆی ئەو تاوانەوە دەستگیر نەکراوە و ساڵانەش ئاستەنگ بۆ ساڵیادەکەی دروست دەکرێت.

 



Notice: Undefined index: img in /home/new.lvinpress.com/public_html/wp-content/plugins/molongui-authorship/public/views/parts/html-author-box-avatar.php on line 4

Notice: Undefined index: show_social_web in /home/new.lvinpress.com/public_html/wp-content/plugins/molongui-authorship/public/views/parts/html-author-box-socialmedia.php on line 6

Notice: Undefined index: show_social_mail in /home/new.lvinpress.com/public_html/wp-content/plugins/molongui-authorship/public/views/parts/html-author-box-socialmedia.php on line 7

Notice: Undefined index: show_social_phone in /home/new.lvinpress.com/public_html/wp-content/plugins/molongui-authorship/public/views/parts/html-author-box-socialmedia.php on line 8

Notice: Undefined index: type in /home/new.lvinpress.com/public_html/wp-content/plugins/molongui-authorship/public/views/parts/html-author-box-name.php on line 20

Notice: Undefined index: type in /home/new.lvinpress.com/public_html/wp-content/plugins/molongui-authorship/public/views/parts/html-author-box-name.php on line 21

Notice: Undefined index: type in /home/new.lvinpress.com/public_html/wp-content/plugins/molongui-authorship/public/views/parts/html-author-box-name.php on line 22

Notice: Undefined index: bio in /home/new.lvinpress.com/public_html/wp-content/plugins/molongui-authorship/public/views/parts/html-author-box-bio.php on line 21

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button