لاهور شێخ جەنگی:

ئەوەی ڕوودەدات بە ناوی چاکسازییەوە گەیشتنە بە هەندێک مەرامی تایبەتی بە ڕێگایەکی ناشەرعی

لڤین:

لاهور شێخ جەنگی، دەبێت کێشەکانی ناوخۆی حزبەکەمان بە ڕێکاری یاسایی و حزبی و بە پێی پەیڕەو و پرۆگرام و لە ڕێگەی ئەنجوومەنی سەرکردایەتییەوە چارەسەر بکرێن نەک بە خۆسەپاندن و خواستی کەسی.

ئەمڕۆ ( چوارشەممە ١١ـی ٨ـی ٢٠٢١)، لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لە شاری سلێمانی پێشوازی کرد لە هانس ئاکربووم کونسوڵی گشتیی هۆڵەندا لە هەرێمی کوردستان و کۆڵۆنێڵ یان تین هۆڤ ڕاوێژکاری سەربازیی لە کونسوڵخانەی هۆڵەندا لە هەرێم.

هاوسەرۆک لاهور شێخ جەنگی، لە هەژماری فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی سەبارەت بە کۆبوونەوەکە ڕایگەیاند،” لە دیدارێکدا بیروڕامان ئاڵوگۆڕ کرد دەربارەی پێشهات و گۆڕانکارییەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان بە گشتی و دۆخی ناوخۆی یەکێتیی بە تایبەتی”.

ئاماژەی بەوەیشداوە،” جەختمان کردەوە کە دەبێت کێشەکانی ناوخۆی حزبەکەمان بە ڕێکاری یاسایی و حزبی و بە پێی پەیڕەو و پرۆگرام و لە ڕێگەی ئەنجوومەنی سەرکردایەتییەوە چارەسەر بکرێن نەک بە خۆسەپاندن و خواستی کەسی”.

هەروەها لاهور شێخ جەنگی جەختیکردووەتەوە لەوەی کە،” لەبارەی ئەو تۆمەتە بێبنەمایانەی ڕووبەڕوومان دەکرێتەوە، ڕوونمان کردەوە کە سیناریۆ و چیرۆکی داتاشراون دەبیستین، دەبێت یاسا سەروەر بێت و لە دادگا یەکلایی بکرێنەوە، ناکرێت چیتر بۆ ڕاکێشانی هەست و سۆز، تێکەڵ بە ڕووداوەکانی ناو یەکێتیی بکرێت”.

هەروەها ڕایگەیاندووە،” جەختیشمان کردەوە کە هەرگیز دژی چاکسازیی نەبووین، ڕێبازی مام فێری کردووین کە خیانەت لە گەل و نیشتمانەکەمان نەکەین، کۆنگرەمان کردووە و حزبەکەمان لە لێواری لەناوچوون پاراست و گەڕاندمانەوە بۆ سەر شاڕێی سیاسیی خۆی، کاتێک بەرەو هەڵبژاردن دەچووین و سەرقاڵی سەرخستنی هاوپەیمانی کوردستانی بووین ئەم کارەساتە بەسەر حزبەکەماندا هات، ئەوەی ڕوودەدات بە ناوی چاکسازییەوە گەیشتنە بە هەندێک مەرامی تایبەتی بە ڕێگایەکی ناشەرعی و لە دەرەوەی یاسا و پەیڕەوی حزبی”.

لە بەشێکی تری ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە،” ئاماژەمان بە دۆخی ئەمنی و بەردەوامی مەترسییەکان کرد و ڕامانگەیاند کە بەردەوامی هەڕەشەکان لەسەر ئەزموونەکەمان دەخوازێت کە زیاتر گرنگی بە هێزی پێشمەرگە بدرێت”.

هەروەها لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتوە،” هەردوولا هاوڕا بووین لەسەر بەردەوامیی هەنگاوەکان بۆ یه‌كخستنی پێشمه‌رگه، تا هەرێمی کوردستان ببێتە خاوەنی‌ هێزێكی دامەزراوی نیزامیی مه‌شقپێكراوی نیشتمانی کە بەرگری له‌ به‌ها باڵا كوردستانییه‌كان بکات”.

لاهور شێخ جەنگی لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا ڕایگەیاندووە،” پێشتریش ڕامانگەیاندوە و دووپاتیشمان کردەوە کە نابێت هێزە چەکدارەکان بۆ یه‌كلاكردنه‌وه‌ی بابه‌تی سیاسی و كۆنتڕۆڵكردنی ده‌سه‌ڵات بەکاربهێنرێن”.

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button